پێنجشه‌ممه‌ی داهاتوو لە هەولێر دەست بە هەژمارکردنی دەستی دەنگەکان دەکرێت

K24 - هەولێر:
بڕیارە رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی داهاتوو 21ـی كانوونی یه‌كه‌می 2023، ئۆفیسی هەولێری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، دەست بە هەژمارکردنی دەستی دەنگدانی تایبەتی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان بکات.
هۆشمه‌ند سادق پەیامنێری کوردستان24 رایدەگەیەنێت، دووسبه‌ی لە هەولێر دەست بە هەژماکردنی دەستی دەنگەکانی دەنگدانی تایبەتی هه‌ڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق ده‌كرێت.
لەبارەی ژمارەی سندوقەکانەی دەنگدانی تایبەت گوتیشی: لە هەولێر38 سندوق هەن دەنگەکانیان بە دەست هەژمار دەکرێن، بڕیارە لە ماوەی یەک رۆژدا هەژماری دەستی کۆتایی بێت.
ئەمە لە کاتێکدایە بەهۆی کێشەی ئامێرەکان زۆربەی سندوقەکانی هەولێر هەژماری ئەلیکترۆنیان بۆ نەکراوە.
سەر لە بەیانیی رۆژی دووشەممە، 18-12-2023، هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە 15 پارێزگای عێراق، ناوچە کوردستانییەکان و هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و، تا کاتژمێر 06:00ـی بەردەوام بوو. هەڵبژاردنەکە بۆ جاری یەکەمە لە دوای ساڵی 2005 لە پارێزگای کەرکووک دەکرێت. ئه‌مڕۆش سێشه‌ممه كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان ئه‌نجامی به‌رایی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی راگه‌یاند و ئاماژه‌ی به‌وه كرد رێژه‌ی 41% به‌شداری ده‌نگدانیان كردووه.