دەست بەسەر پێنج تانکەر داگیرا کە ئامادەکرابوون بۆ بەقاچاخبردنی بەرهەمە نەوتییەکان

وێنە، ئەرشیف
وێنە، ئەرشیف

K24 - هەولێر

فەرماندەیی پۆلیسی وزە، دەستگیرکردنی پێنج تۆمەتبار و دەستبەسەرداگرتنی پێنج تانکەری ئامادەکراو بۆ بەقاچاخبردنی پێکهاتە نەوتییەکان لە پارێزگاکانی نەینەوا و کەرکوک راگەیاند.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، فەرماندەیی پۆلیسی وزەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، "مەفرەزەکانی لیوای 1ـی پۆلیسی وزە بەهۆی ساختەکاریی لە کاغەزە فەرمییەکانی بەرهەمی نەوتی بارکراودا پێنج تۆمەتباریان دەستگیرکرد و دەستیان بەسەر پێنج تانکەریشدا گرت، ئەمە جگە لەوەی زۆربەی تانکی ئۆتۆمبێلەکان دەستکاری کرابوو".

ئاماژەی بەوەشکراوە، "رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر ئەو تۆمەتبارانە گیراوەتە بەر، بە پشتبەستن بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی نەوت و پێکهاتەکانی، ژمارە 41ـی ساڵی 2008".

دوێنێ چوارشەممە، مەفرەزەکانی لیوای پێنج لە پارێزگای واست، تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد و دەستیان بەسەر تانکەرەکەی داگرت کە مەبەست لێی بە قاچاخکردنی بەرهەمە نەوتییەکان بوو، ئەمەش بەهۆی گۆڕینی رێگای ئۆتۆمبێلەکە بوو بە پێچەوانەی رێگای مەبەست.

Fly Erbil Advertisment