103 ساڵ بەسەر دامەزراندنی سوپای عێراق تێدەپەڕێت

K24 – هەولێر

6ی کانوونی دووەم، رۆژی دامەزراندنی سوپای عێراقە، ئەو سوپایەی بەشداری لە چەندین شەڕی ناوخۆیی وڵات کردووە و چەندین جاریش بەشداری لە کودەتا کردووە، لە سەرەتای ساڵانی شەستەکانی سەدەی رابردووەوە تائێستا چەندین جار ئەو سوپایە بۆ هێرشکردنە سەر کوردستان بەکارهێنراوە.

لە دوای جەنگی جیهانی یەكەم ساڵی (1914-1918) دەسەڵاتی عوسمانییەكان لە عێراق كۆتایی پێهێنراو بەریتانیەكان توانیان دەسەڵات بگرنە دەست، ساڵی 1920 یەكەمین کابینەی حكومەتی عێراق پێکهێنرا، لە دەستپێکی ساڵی دواتر یەكەمین یەكەی سەربازی سوپای عێراقی لە1921/1/6 لە بەغدا پێکهێنرا.

بەگوێرەی سەرچاوە مێژووییەکان گەڵاڵەکردنی بیرۆکەی پێکهێنانی سوپای عێراق لە 6ی كانوونی دووەمی ساڵی 1921، لەلایەن كۆمەڵێك ئەفسەری كورد و عەرەب، لە بەغدا بووە، بە سەرۆكایەتی جەنەڕاڵ جەعفەر پاشا عەسكەری كە ئەفسەرێكی كوردی خەڵكی شاری كەركووك بووە، یەکەم پێکهاتەی سوپا 14 ئەفسەری کورد و عەرەبی لە خۆ گرتووە، لەو ژمارەیە 8 ئەفسەریان كورد بوون بە ناوەكانی (جەنەڕاڵ جەعفەر مستەفا عەسكەری سەرۆكی دەستەی دامەزرێنەر، عەقید حەمید ئەحمەد ئەندامی دەستەی دامەزرێنەر، رائید سەعید محەممەد نوێنەری فەرماندە، رائید بەكر سدقی نوێنەری سەرۆك، رائید تۆفیق وەهبی بەگ ئامر كۆلیژی سەربازیی، رائید عەبدول رەزاق حلمی، نەقیب حەسەن حوسێن عەسكەری، نەقیب محەممەد ئەمین زەكی بەگ).

لە ساڵی 1936 سوپای عێراق بەشداری لە یەكەمین كودەتای سەربازیی كردووە بە سەرۆكایەتی فەریق بەكر سدقی، فەرماندەی فیرقەی دوو، حكومەتێكی نوێ بە سەرۆكایەتی حیكمەت سلێمان پێكهێنرا، مانگی ئایاری ساڵی 1941 سوپای عێراق چووە جەنگێكەوە لەگەڵ سوپای بەریتانیا، بەر لەو جەنگی بەریتانیا سوپای عێراق لە چوار فیرقەی پیادە پێكدەهات.

سوپای عێراق لە ساڵی 1931 هێزی ئاسمانیی و لە ساڵی 1937 هێزی ده‌ریایی دامەزراندووە.

لەگەڵ دامەرزاندنی دەوڵەتی ئیسرائیل لە فەڵەستین لە ساڵی 1984، سوپای عێراق بەشدارییەکی کاریگەری هەبوو لە پاڵ سوپای وڵاتانی دیکەی عەرەبی بۆ رێگەگرتن لە دامەزراندی ئەو دەوڵەتە، لە ساڵی 1958 چەند ئەفسەرێک لە سوپای عێراق بە سەرۆکایەتی عەبدولکەریم قاسم کودەتای سەربازییان ئەنجامدا و سیستەمی حوکمرانی لە عێراق لە پاشایەتی گۆڕدرا بۆ کۆماری. هەروەها لە ساڵی شەستەکانی سەدەی رابردوو تا گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن حزبی بەعس لە عێراق، سوپا بەشداربوو لە چەند کودەتایەکی سەربازی. سەرباری ئەوەی کە شەڕێکی بەرفراوانی دژی گەلی کورد دەستپێکرد ئەویش شۆڕشی ئەیلول بوو کە بە شۆڕشێکی مەزن لە کوردستان ناو دەبرێت، لە ئەنجامدا عێراق ناچارکرا دان بە مافی ئۆتۆنۆمی بۆ کورد دابنێت.

له‌ دوای کۆتاییهاتنی جه‌نگی عێراق - ئێران لە ساڵی 1988، ژماره‌ی ئه‌ندامانی سوپای عێراق گه‌یشته‌ نزیکه‌ی یه‌ک ملیۆن سه‌رباز، له‌دوای رووخانی رژێمی به‌عس و پرۆسەی ئازادیی عێراق له ‌ساڵی 2003، به ‌بڕیارێکی پۆڵ بریمه‌ر، حاکمی مه‌ده‌نیی ئه‌مه‌ریکا له‌ عێراق، سوپای عێراق هه‌ڵوه‌شایه‌وه ‌و دواتر سه‌ر له‌نوێ پێکهێنرایه‌وه‌.

سوپای‌ عێراق، بناغه‌كه‌ی‌ فیرقه‌ی‌ ئیمام موسای‌ كازم بوو، له‌ ساڵی 1961ـەوە تاوەکو 2003، ناوه‌ ناوه‌ شه‌ڕی‌ جوڵانه‌وه‌كانی‌ رزگاریخوازی‌ كوردی‌ كردووه و رووبەڕووی شۆڕشەكانی كورد بووەتەوە، ئەنفال و كیمیاباران و سووتماككردنی بەشێكی زۆری كوردستان، لە گرنگترن ئەو خەسڵەتانەن كە سوپای عێراق لە حەفتاكان و ھەشتاكاندا پێیدەناسرێتەوە.

سوپای عێراق بەشداری لە چەندین شەڕی دەرەوە و سەركوتكردنی جوڵانەوە ناوخۆییەكانی عێراقیش كردووە، لەوانە، شه‌ڕه‌كانی‌ عه‌ره‌ب - ئیسرائیل، شه‌ڕی‌ هه‌شت ساڵه‌ی‌ ئێران، داگیركردنی‌ كوه‌یت‌، جه‌نگی‌ یه‌كه‌می‌ كه‌نداو، جه‌نگی‌ دووه‌می‌ كه‌نداو و سه‌ركوتكردنی‌ هه‌موو جوڵانه‌وه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كانی‌ ناو عێراق.

Fly Erbil Advertisment