رووماڵ

مامۆستایانی ئایینی: تێکدانی کەعبە گوناهەکەی زۆر کەمترە لە رژانی خوێنی موسڵمانێک

"هێڕشە ناڕەواکانی ئێران بۆ سەر خەڵکی هەرێمی کوردستان ئیدانە دەکەین"

K24 – هەولێر

مامۆستای ئایینی ئیسلامی کوردستان لە هەولێر ئیدانەی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر دەکەن و دەڵێن: تێکدانی کەعبە گوناهەکەی زۆر کەمترە لە رژانی خوێنی موسڵمانێک.

ژمارەیەک مامۆستای ئایینی ئیسلامی کوردستان لە هەولێر، دژی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر گردبوونەوە و لە بەیاننامەیەکدا رایانگەیاند: "ئەوەی جێگەی نیگەرانی ئێمەیە وەک مامۆستایانی ئایینی وڵاتێکی بەناو ئیسلامی ئەو کارە بەرامبەر بە دراوسێیەکی موسڵمانی خۆی دەکات، پێغەمبەری ئیسلام فەرمویەتی: تێکدانی کەعبە گوناهەکەی زۆر کەمترە لە خوێنی بە ناهەق رژاوی موسڵمانێک، بۆیە وەک مامۆستایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان داوا لە رێبەری ئێران و سەرۆککۆماری ئێران دەکەین، کە چارەسەری ئەو دۆخە بکەن و چیتر ئەو هێرشە ناڕەوایانە نەکەنە سەر خەڵکی هەرێمی کوردستان".

مامۆستایانی ئایینی، دەشڵێن: "هەرێمی کوردستان ئارامگەی خەڵکی لێقەوماو و پێکەوەژیانی هەموو ئاین و نەتەوەکانە و کەس لێرە خۆی بە میوان نازانێت، داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین لەسەر ئەو زوڵمە بێنەدەنگ".