ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆدەبێتەوە

K24 - هەولێر
ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆدەبێتەوە و سکرتێری گشتیش وتارێک لەسەر دۆخی ناوچەکە پێشکەش دەکات.
رۆژی سێشەممە، 23ی ئەم مانگە، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کاتژمێر 10ی شەو بە کاتی هەولێر کۆبوونەوەیەکی کراوە لەسەر دۆخی رۆژهەڵات ناوەڕاست رێکدەخات، بڕیاریشە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان وتارێک لەسەر مەترسییەکان و دۆخی ناوچەکە بەگشتی بخوێنێتەوە.
کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش لەکاتێکدایە، وەک ناڕەزاییەک لە بەرامبەر هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر، حکومەتی عێراق دوو سکاڵای پێشکەشی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، بە ئەگەرێکی زۆریش لە کۆبوونەوەی سبەی هێرشەکانی سەر هەولێر باس دەکرێن.
پێشتر وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی عێراق لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی بڵاویکردووەتەوە، سکاڵایەکی تایبەت بە هێرشە دوژمنکاریی و مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر پێشکەش بە ئەنجومەنی ئاسایش و نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە. راشیگەیاندووە، هێرشەکان بوونەتە هۆکاری گیانلەدەستدان و برینداربوونی هاووڵاتییانی سڤیل، جیا لەوەی زیانی بە موڵک و ماڵی گشتی و تایبەت گەیاندووە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراقدا هاتووە، لە رێگەی نوێنەری هەمیشەیی عێراق لە نیویۆرک دوو نامەی هاوکات ئاراستەی هەر یەک لە ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کراوە، تیایدا جەختکراوەتەوە، ئەو کردە دوژمنکارییەی ئێران پێشێلکارییەکی زەقی سەروەریی و ئاسایشی عێراق و هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییانی عێراقە.
شەوی دووشەممە 15/1/2024 سوپای پاسدارانی ئێران، بە پاساوی بوونی بنکەیەکی مۆسادی ئیسرائیل، بە چەند مووشەکێکی بالیستی ناوچەیەکەی سڤیل نشینی هەولێری کردە ئامانج، بەهۆیەوە چوار هاووڵاتی شەهیدبوون و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون.