له‌تیف ره‌شید جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەکاتەوە

K24 - هەولێر:

سەرۆککۆماری عێراق جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە و وەزیری دەرەوەی عێراقیش دەڵێت هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان و عێراق دەبەینە ئەنجومەنی ئاسایش.

له‌تیف رەشید، سەرۆککۆماریی عێراق لەگەڵ ژمارەیەک وەزیر و ئەندام پەرلەمانی کورد لە بەغدا کۆبووەوە و جەختی لە پێویستیی یەکلاکردنەوەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە و چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەران کردەوە.

سەرۆککۆماری عێراق دەشڵێت، گرنگە دانوستان و هەماهەنگیی لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵی بەردەوام بێت و چارەسەرێکی کۆتایی بۆ کێشە هەڵواسراوەکان بە گوێرەی دەستوور و یاسا بدۆزرێتەوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، پێویستە کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان چارەسەر بکرێت و ماددەی 140 جێبەجێبکرێت.

هاوکات لە کۆبوونەوەکەدا، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، عێراق داوایکردووە دەستدرێژییەکانی سەر عێراق و هەرێمی کودرستان بخرێنە نێو کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی ئاسایش و بۆ رێگریکردن لەو دەستدرێژیانە لەسەر ئاستی هەرێمی و نێوەدوڵەتی راوێژمان کردووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە (31ـی کانوونی دووەمی 2024) سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، 618 ملیار دینارەکە لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.

پێشتر ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، هەر کە 618 ملیار دینارەکە خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی؛ رێكکارەکانی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکەن.

Fly Erbil Advertisment