بەڕێوەبەرایەتی پێكەوەژیانی ئایینەكان لەبارەی سوکایەتیکردن بە قورئانی پیرۆز روونکردنەوە دەدات

وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی
وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەرایەتی پێكەوەژیانی ئایینەكان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی رایدەگەیەنێت، لە چاوپێكەوتنێكدا كەسێك كە خۆی وا ناساندبوو کە نوێنەری زەردەشتییەکانە، دوور لەبەھای پێكەوەژیان، رستەی نەشیاوی بەرامبەر بە قورئانی پیرۆز بەكارھێناوە. دەشڵێت: ئەو لێدوانانەی ئەو کەسە ھیچ پەیوەندییەكی بە نوێنەرایەتی زەردەشتیان لە وەزارەت نییە.

ئەمڕۆ شەممە (10ـی شوباتی 2024) بەڕێوەبەرایەتی پێكەوەژیانی ئایینەكان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی لێدوانی کەسێک کە خۆی وەک نوێنەری زەردەشتییەکان ناساندبوو، روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، لە چاوپێكەوتنێكدا ئەو کەسە، بەشێوەیەكی نالۆژیك و دوور لەبەھای پێكەوەژیان، ھەندێك رستەی ناشیاو بەرامبەر بە قورئانی پیرۆزو (واجباتی تری ئایینی) بەكارھێناوە.

بەڕێوەبەرایەتی پێكەوەژیانی ئایینەكان، ئاماژەی بەوەشدا، بەتوندی ئیدانەی ئەو جۆرە لێدوانانە دەكەن، كە دژی بنەمای ئایینی و پێكەوەژیانە، هاوکات بەڕێوەبەرایتییەکە جەخت لەم پێكەوەژیانە كە لەنێوان ئایینەكاندا لە هەرێمی کوردستان هەیە دەكاتەوە، هەروەها بەھەموو شێوازێك دەیپارێزن و بەرگری لێدەكەین، هەر ئەمەش خاڵی بەھێزی كوردستانە.

ئەو بەڕێوەبەرایەتییە، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، "ئەو كەسەی ئەم لێدوانانەی داوە ھیچ پەیوەندیەكی بە نوێنەرایەتی زەردەشتیان لەوەزارەت نییە و ئەمەش رای زەردەشتەكانیش نییە بەڵكو ئاماژە و دەربڕینەكانی گوزارشتە لە كەسی خۆی".

Fly Erbil Advertisment