لە ئێران گەنجێک 12 ئەندامی خێزانەکەی خۆی کوشت

K24 - هەولێر

لە باشووری پارێزگای کرمانی ئێران، گەنجێک بە چەکەوە هەڵیکوتاوەتە سەر ماڵی باوک و براکانی دەستڕێژی لێکردوون و 12 ئەندامی خێزانەکەی خۆیی کوشتووە، لە نێو قوربانییەکاندا ئافرەت و منداڵیش هەن و سێ کەسی دیکەشی بریندارکردووە.

لەبارەی رووداوەکەوە، ئیبراهیم حەمیدی سەرۆکی داواکاری گشتی پارێزگای کرمان ئاشکرایکردووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە (17ی شوباتی 2024) گەنجێک بەهۆی کێشەیەکی خێزانی بە کلاشینکۆف هەڵیکوتاوەتە سەر کەسوکارەکەیی و دەستڕێژی لێکردوون، بەهۆیەوە 12 کەسی لە ئەندامانی خانەوادەکەی خۆی کوشتووە، قوربانییەکانیش باوک، براکانیی و براژنەکانیی و منداڵەکانیان بوون.

بەگوتەی سەرۆکی داواکاری گشتی پارێزگای کرمان، بکوژەکە لە دوو شوێنی جیاواز و لە دوای یەک لە گوندەکانی "مەزرەعەی ئیمام"و"ئەدوری" تاوانەکانی ئەنجامداوە و هەڵاتووە، بەڵام هێزە ئەمنییەکان هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ دەستگیرکردنی.

لەلایەن خۆیەوە، ناسر فەرشید فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای کرمان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەهۆی کێشەیەکی خێزانیی گەنجێکی تەمەن 25 ساڵ، کاتژمێر 4:30ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە دوو خانووی جیادا دەستڕێژی لە دوو زڕبرای خۆی کردووە و بەهۆیەوە 12 کەس لە ئەندامانی خێزانەکەیی کوشتووە و سێ کەسی دیکەشی بریندارکردووە.

فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای کرمان راشیگەیاندووە، دواتر وردەکاریی و زانیارییەکان بۆ رای گشتی بڵاودەکەنەوە.

Fly Erbil Advertisment