سبەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە رووسیا دەستپێدەکات

دەنگدانی سەرۆکایەتی رووسیا لە ناوچە داگیرکراوەکانی ئۆکرانیا
دەنگدانی سەرۆکایەتی رووسیا لە ناوچە داگیرکراوەکانی ئۆکرانیا

K24 – هەولێر:

بڕیارە سبەی بۆ هەشتەمین جار هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی رووسیا بەڕێوەبچێت، سەرۆکی رووسیا کە یەکێکە لە چوار کاندیدەکە داوا لە هاووڵاتییان دەکات روو لە سندوقەکانی دەنگدان بکەن و دەنگ بدەن و لە بەردەم ئاڵنگارییەکان یەکگرتووبن.

هاوکات هەریەکە لە ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا و هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی ناتۆ رایانگەیاند، هەڵبژاردن لە رووسیا ئازاد و دادپەروەرانە نییە، چونکە سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆن زیندانی دەکرێن و دەکوژرێن.

15ـی ئاداری 2024، رێکكه‌وتی بەڕێوەچوونی هەشتەمین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییە لە رووسیا و بۆ سێ رۆژ بەردەوام دەبێت، چوار کاندید بەشداری لە هەڵبژاردنەکە دەکەن، ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا یەکێکە لە کاندیدەکان و دەڵێت، وڵاتەکەی بە کاتێکی سەختدا تێدەپەڕێت داوا لە هاووڵاتییان دەکات بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن.

پوتن گوتی:" لە 15 ئادار بنکەکانی دەنگدان لە وڵاتەکەمان دەکرێنەوە و هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی رووسیا بۆ سێ رۆژ بەردەوام دەبێت و بۆ هەشتەم جارە لە رووسیا بەڕێوەدەچێت. ئەنجامەکانی کاریگەری راستەوخۆی لەسەر بەرەوپێشچوونی وڵاتەکەمان دەبێت لە ساڵانی داهاتوودا".

سەرۆکی رووسیا ئاماژەی بەوەشکرد: "لەو بڕوایەدام لەو کاتە سەختە تێدەگەن کە ئێستا وڵاتەکەمان پێی تێدەپەڕێت و رووبەرووی چ ئاڵنگارییەکی ئاڵۆز بووینەتەوە لە هەموو بوارەکاندا. بۆ ئەوەی لە وەڵامدانەوەی شکۆمەندانە بەردەوام بین و بە سەرکەوتووی بەسەریاندا زاڵبین، پێویستە لە یەکگرتووە و متمانە بەخۆبوون بەردەوامبین."

لەوبارەیەشەوە سکرتێری گشتی هاوپەیمانی ناتۆ رایگەیاند، هەڵبژاردن لە رووسیا بەشێوەیەکی ئازاد و دادپەروەرانە بەڕێوەناچێت، چونکە ئەوانەی ئۆپۆزسیۆنن زیندانی دەکرێن و رێگریان لێدەکرێت.

یێنس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتی هاوپەیمانی ناتۆ رایگەیاند:" هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە کڕۆکی هەموو دیموکراسییەتێکە، هەڵبژاردن لە رووسیا ئازاد و دادپەروەر نابێت. چونکە دەزانین ئۆپۆزسیۆنە سیاسییەکان لە زینداندان و هەندێکیشیان کوژراون و زۆرینەشیان دوورخراونەتەوە. هەروەها هەندێکیان هەوڵیاندا خۆیان وەک کاندید تۆمار بکەن بەڵام ئەو مافەیان لێسەندراوەتەوە، بۆیە پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەتوانین بڵێین ئازاد و دادپەروەرانە نابێت."

هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، خەڵکی رووسیا شایستەی هەڵبژاردنێکی ئازادی و دادپەروەرن، کۆشکی کریملن سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆنی لە زیندان کردووە و ئەو کەسانەی دژی جەنگن رێگریان لێدەکات خۆیان کاندید بکەن.

بڕیارە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی رووسیا لەو ناوچانەی ئۆکرانیاش بەڕێوەبچێت کە بە خاکی رووسیاوە لکێندراوە، یەکێتی ئەوروپا لەوبارەیەوە ئاشکرای کرد، ئەنجامی هەڵبژاردن لە ناوچانە دانپێدانراو نابێت.

Fly Erbil Advertisment