مایڵز کاگینز: هەناردەنەکردنی نەوتی هەرێم بازاڕی نەوتی جیهانی ناهاوسەنگ کردووە

K24 – هەولێر:
گوتەبێژی ئەپیکور، رایدەگەیەنێت، هەندێک گرووپ و لایەن لە ناوخۆی عێراق هەن کە نایانەوێت هەرێمی کوردستان ئابوورییەکی بەهێزی هەبێت، ئیرەیی بەو هەرێمە دەبەن و نایانەوێت پێشکەوتوو بێت، هاوکات گوتیشی: ئەمەریکا دەیەوێت هەرێمی کوردستان بەهێز بێت و هەناردەی نەوتی دەستپێبکاتەوە.
مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان (ئەپیکور)، لەمیانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، ئەندامانی ئەپیکور پابەندن بە وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان، ئەم وەبەربهێنانە هاوکاری کۆمپانیاکان و خەڵکی هەرێمی کوردستانیش دەبێت.
گوتەبێژی ئەپیکور، لەبارەی سەردانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمەریکا دەڵێت: سەردانەکەی سوودانی بۆ واشنتن باشترین دەرفەتە بۆ ئەوەی بڕیار بدات لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، بەڵام هەندێک هێز لە عێراق هەن کە سەر بە وڵاتی دراوسێن کاریگەریان لەسەر سیاسەیت بەغدا و دادگای فیدراڵی هەیە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا ئەمە دەرفەتێکە بۆ سوودانی تا بیسەلمێنێت کە باوەڕی تەواوی بە سەرەبەخۆی وڵاتەکەی هەیە و دەتوانێت دەسەڵاتی هەبێت لەسەر حکومەتەکەی.
مایڵز کاگینز، ئاماژەی بەوەدا، راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کورردستان وایکردووە بازاڕی جیهان لە وزە ناهاوسەنگ بێت، ئەگەر هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێبکاتەوە دەرفەتێکی زۆر باشە، بۆ ئەو هەرێمە، عێراق و هەورەها بۆ ئەمەریکاش.
گوتەبێژی ئەپیکور، گوتی: واشنتن هەر لە بەسرەوە هەتاوەکو باکوور عێراقێکی بەهێزی دەیەوێت و، لە نێویشیاندا دەبێت هەرێمی کوردستان بە بەهێزی بمێنێتەوە، هەروەها دەبێت پیشەسازی وزەی هەرێم بەهێز بێت و هەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە کە لە بەرژەوەندی هەموو تاکێکی عێراقە.
مایڵز کاگینز، گوتیشی: عێراق لە زۆر لاوە هەرێمی کوردستانی خنکاندووە و دەبێت کێشەی بودجە و مووچە لەگەڵ هەرێم یەکلاییبکاتەوە، هەروەها ئەپیکور هەوڵیداوە و کۆنگرێسی ئەمەریکا ئاگادارکردووەتە وەکە دەبێت هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێبکاتەوە.
گوتەبێژی ئەپیکور، روونیکردەوە، هەندێک گرووپ و لایەن لە ناوخۆی عێراق هەن کە نایانەوێت هەرێمی کوردستان ئابوورییەکی بەهێزی هەبێت، ئیرەیی بەو هەرێمە دەبەن و نایانەوێت پێشکەوتوو بێت.
مایڵز کاگینز، جەختی لەوەشکردەوە، تێچووی دەرهێنانی نەوت لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە جیاوازە، بەڕاستی ناکرێت حکومەتی عێراق بیەوێت نرخێکی جێگر بۆ دەرهێنانی نەوت لە هەموو پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستانیش دابنێت.