جووتیار عادل: سەرۆکوەزیران بەردەوام بەرگری لە مافی مووچەخۆران کردووە

K24 - هەولێر

سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، چارەسەری کێشەی مووچەی فەرمانبەران لەگەڵ حکومەتی عێراق، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیران، بەردەوام پێداگربووە لەسەر مافی مووچەخۆرانی هەرێمی کورستان.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 4ـی نیسنای2024، د. جوتیار عادل، سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری هەرێمی کوردستان، لە میانی گەشتێکی هەواڵی کوردستان24 ڕایگەیاند، چارەسەری کێشەی مووچەی فەرمانبەران لەگەڵ حکومەتی عێراق دوابەدوای ئەو پێداگرییەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دێت، کە بەردەوام دووپاتی لەسەر مافی مووچەخۆران بە شێوەیەکی گشتی لە هەرێمی کورستان دەکردەوە و سازش نەکردن لەسەر مافە دەستوورییەکان و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، دەگەڕێتەوە.

بەگوتەی ئەو، "حکومەتی عێراق هەموو پلانەکانی بۆ لاوازکردنی هەرێمی کوردستان بوو، بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێم تووشی شکست بێت، ئەم هەوڵە بۆ تیم وهەوڵی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە کە بەردەوام ئەوەی حکومەتی عێراق داوای دەکرد جێبەجێ دەکرا. بەڵام بەداخەوە بابەتەکە بە ئاڕاستەیەکی دیکە دەبردرا و بە سیاسی دەکرا."

جوتیار عادل دەشڵێت: "بەردەوامبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنیا لەم ڕووەوە نەبووە، لە ئەنجامی چەندان کۆبوونەوە و سەردانی شانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها پێداگری حکومەتی هەرێمی کوردستانیش تەنیا لەسەر ئاستی ناوخۆ نەبووە بەڵکو لەدەرەوەی کوردستانیش بووە، لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانیش بەردەوام جەختی لەسەر ئەو بابەتە بووە، هەوڵی ڕژدیشی داوە بۆ ئەوەی تەواوی لایەنەکان ی هەرێمی کوردستان سازش لەسەر مافی خۆی نەکات. "

سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری گوتیشی: "ئەرکی سەرۆکی حکومەت و تیمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاسان نەبووە، بە ئاسانی ئەنجامی ئەم ئامانجە بەدی نەهاتووە، بەردەوامیش حکومەتی هەرێم لە پەیوەندیدا بووە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، کۆمەڵێک دۆسییەی دیکەش ماوە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، و چەندان گفتووگۆی سیاسیش کراوە بۆ ئەوەی حکومەتی سیاسی محەممەد شیاع سودانیش پێکبێت."

ڕۆژی چوارشەممە (27ـی ئاداری 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: بڕیارمان دا بە دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو و وەزارەتی داراییم ڕاسپاردووە، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو بکەن و ئامادەکاریش بکەن بۆ دابینکردنی مووچەی مانگی سێ و مانگەکانی داهاتووش.

هەروەها سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی دیکەی لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان کە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریان لەبارەیەوە دراوە بۆ دۆخی ناهەمواری ئابووریی سەر شانی خەڵکی هەرێمی کوردستان سووک بکات؛ یەکێک لە بڕیارەکانیش دابەشکردنی زەوییە و لەو بارەیەوە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕایگەیاند: بڕیارماندا وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەست بکات بە تەرخانکردن و دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی کە تاوەکو ئێستا لە حکوومەت سوودمەند نەبوون.

هاوکات سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە لێدوانە ڕۆژنامەوانییەکەیدا، چەند بڕیارێکی دیکەی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، سەرجەم وەزارەتە پەیوەندیدارەکانیان ڕاسپاردووە بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە، لەوانەش:

داشکاندن لە پارەی کەڵەکەبووی کارەبا بە ڕێژەی 20%.

داشکاندنی 20% لە سزای کەڵەکەبووی مرور (هاتووچۆ).

داشکاندنی 50% لە ڕسووماتی هێنانی گۆشت

داشکاندنی 20% لە کرێی خوێندنی پارالێل لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان.

لێخۆشبوونی سزا لە دواکەوتنی بەشداریی دەستەبەریی کۆمەڵایەتی.

داشکاندنی ڕسووماتی کەڵەکەبووی ئاو بە ڕێژەی 20%.

داشکاندنی ڕسووماتی شارەوانی بەتایبەت کرێی کرێچییەکانی وەزارەتی شارەوانی بە ڕێژەی 20%.

لێخۆشبوون لە سزای دواکەوتنی باج لەلایەن پیشەوەران، کاسبکاران و کەمدەرامەتان.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد: "هیوادارم ئەم هەنگاوانە و ئەم بڕیارانە بتوانن تا حەددێک یارمەتی خەڵکی کوردستان بدەن. من جارێکی دیکە سوپاسی خۆڕاگری و پشوودرێژیی ئەوان دەکەم و هیوادارم ئێمە بتوانین پێکەوە ئەم قۆناغە تێپەڕینین و ئەمە ببێتە دەستپێکێک بۆ کۆتاییهێنان بە ئابڵووقەی ئابووری کە کەوتووەتە سەر هەرێمی کوردستان و کۆتاییهێنان بە قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان و پێ بنێینە قۆناغێکی نوێتر".

هەروەها سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هیواشی خواست، بتوانین لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی بگەنە ئەنجامی باش بۆ چارەی هەموو ئەو گرفتانەی کە لە نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا ماون.

Fly Erbil Advertisment