محەممەدی حاجی مەحموود: لەسەر هەموو تاکێک پێویستە قەوارەی کوردستان بپارێزێت

K24 - هەولێر
سەرۆکی حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، ئەرکی هەموو تاکێکی کوردستانە قەوارەی هەرێمی کوردستان بپارێزێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 4ـی نیسانی 2024، هەشتەمین کۆنگرەی حزبی سۆسیالی دیموکراتی کوردستان، دەستی پێکرد و محەممەدی حاجی مەحموود جارێکی دیکە بە سەرۆکی حزبەکەی هەڵبژێردرایەوە.
محەممەدی حاجی مەحموود، سەرۆکی حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "ئەرکی هەموومانە قەوارەی هەرێمی کوردستان بپارێزین. پاراستنی دەستکەوتەکان ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەیی و ئەخلاقییە لەسەر شانی هەموو تاکێکی خەڵکی کوردستان، بەتایبەت حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان".
بەگوتەی محەممەدی حاجی مەحموود، "ئێمە بەردەوامین لە خەبات و تێکۆشان و ڕێگەش نادەین هیچ کەسێک حزب بەکار بهێنێت بۆ هەندێک مەرامی خۆی وەک هەندێک لەو کەسانەی بەکارییان هێنا".
گوتیشی: "ئێمە بەشدار دەبین لە پاراستنی وڵاتەکەی خۆمان بە هاوکاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تاکوو سەرکەوتن بۆ گەلی کورد مسۆگەر بکەین".
پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە ساڵی 1976 دوای جیابوونەوە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەلایەن مەحموود عوسمان، عەدنان موفتی و ڕەسوول مامەندەوە دامەزرا و خەباتی چەکداریی لە دژی رژێمی بەعس ڕاگەیاند. دواتر و لە ساڵی 1979 بەشێک لە ئەندامانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جیابوونەوە و هاتنە بەرەی حیزبی سۆسیال کوردستان هەر لە باشووری کوردستان یەکێکیش لەو ئەندامانە، محەممەد حاجی مەحموود بوو، کە ئێستا سکرتێری پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستانە.