عێراق.. دەنگۆی گەڕانەوەی سەدر باسی هەڵبژاردنی پێشوەختەی گەرم کردووە

K24 - هەولێر
لە لایەک سەدرییەکان ئامادەکاریی گەڕانەوە بۆ گۆڕەپانی سیاسی دەکەن و لە لایەکی دیکەشەوە دەنگۆی هەڵبژاردنی پێشوەختە هەیە. سەرکردەیەکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاساش دەڵێت، "عێراق دۆخی سەقامگیرە و پێویستی بەهەڵبژاردنی پێشوەخت نییە".
لەگەڵ دەنگۆی گەڕانەوەی سەدرییەکان بۆ نێو گۆڕەپانی سیاسی، باسی هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراقیش گەرم بووە.
ئەو لایەنانەی کە لە هەڵبژاردنی ڕابردوو دەنگی پێویستیان بەدەست نەهێناوە، کار بۆ ئەوە دەکەن هەڵبژاردنی پێشوەخت ئەنجام بدرێت، بەڵام دەوڵەتی یاسا هەڵبژاردنی لەو شێوەیە ڕەتدەکاتەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە لە میتۆدی کابینەی حكوومەتی محەممەد شیاع سوودانیدا هاتووە، دەبێت لە دوای ساڵی یەکەمی پێکهنانی حکوومەت ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت.
شێخ حەیدەر لامی، سەرکردە له دەوڵەتی یاسا دەڵێت، "شتێک نییە بە ناوی هەڵبژاردانی پێشوەختە. ئەوانەی کە داوای لە شێوە هەڵبژاردنە دەکەن دەنگی نەشازن و گوێیان لێ ناگیرێت. ئێمە ئەم خولەی پەرلەمانمان بە هەڵبژاردنی پێشوەخت هەڵبژارد، ڕاستە هەڵبژاردنی پێشوەخت لە میتۆدی حکوومەتدا باس کراوە، بەڵام دۆخەکە سەقامگیرە و پڕۆژەی خزمەتگوریش هەیە و، جارێ پێویست بە هەڵبژاردن ناکات".
تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێڕاق لە کۆتایی ساڵی 2025 کۆتایی پێدێت. گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێڕاقیش دەڵێت: ئامادەکاری بۆ هەر هەڵبژاردنێک پێویستی بە 6 مانگە تاکو لە رووی دارایی و یاسایی و تەکنیکیەوە پێداویستیەکان دابین بکەن، بۆ هەڵبژاردنی خولی داهاتووی پەرلەمانی عێراق تا ئێستا حکوومەت هیچ داواکارییەکی پێشکەش کۆمیسیۆن نەکردووه.
هەرچی پەیوەستە بە کوردیش، یەکێک لە مەرجەکانی بەشداری کورد لە رێككهوتننامهی هاوپهیمانی بهڕێوهبردنی دهوڵهت بۆ پێکهێنانی کابینەی حکوومەتی ئێستای عێراق، دهرچوواندنی پرۆژهیاسای ئهنجومهنی فیدراڵی بوو، کە بەگوێرەی رێککەوتنەکە، دەبوو لە ماوەی شەش مانگدا جێبەجێ بکرێت، بەڵام ئێستاشی لهگهڵدابێت بههۆی ناكۆكی سیاسییهوه نهتوانراوه ئهو ئهنجومهنه دابمهزرێت.