سێ خوشکی کۆچبەر لە کەناراوەکانی یۆنان بە خنکاوی دۆزرانەوە

K24 – هەولێر
پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان ڕایانگەیاند، تەرمی سێ خوشکیان لە نزیک دوورگەی خیۆسی یۆنانی دۆزیوەتەوە کە تەمەنیان پێنج ساڵ، حەوت ساڵ و 10 ساڵانە و بە هۆی شکانی بەلەمەکەیان خنکاون.
تەرمی هەر سێ خوشکەکە لەلایەن دایکیانەوە ناسراوەتەوە کە لەگەڵ ژمارەیەک کۆچبەری دیکە لە خنکاو ڕزگارکراوە.
هێزەکانی دەریایی یۆنان ئۆپراسیۆنێکیان بۆ ڕزگارکردنی کۆچبەرە ناساییەکان دەست پێکردووە و توانیویان لە 19 کۆچبەر لە خنکان ڕزگار بکەن کە یەکێکیان دایکی ئەو سێ کچەیە لەگەڵ هەشت منداڵی دیکە.
بەگوێرەی میدیاکانی یۆنان لەو بەلەمەی ئەمڕۆ چوارشەممە لە نێوان تورکیا و تۆنان لە نزیک دوورگەی خیۆس تێکشکاوە 27 کۆچبەری نایاسایی تێدابووە کە زۆرینەیان ئەفغانین، بەڵام هێزی پاسەوانی دەریایی یۆنان هیچ ژمارەیەکیان لە بارەی کۆی سەرنشینەکانی بەلەمە شکاوەکە بڵاو نەکردووەتەوە و تەنیا ڕایگەیاندووە، ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی لە کەناراوەکانی تورکیاوە بەرەو یۆنان بەڕێکەوتوون نەزانراوە، بۆیە لە گەڕان بە دوای ون بووەکاندا بەردەوام دەبن.
حکوومەتی یۆنان ئاماژەیداوە کەناراوەکانی تورکیا لە دەریای ئیجە چەندین ساڵە بوونەتە سەکۆیەک بۆ ڕەوانەکردنی کۆچبەرانی نایاسایی بەرەو دوورگەکانی یۆنان و وڵاتانی دیکەی یەکێتی ئەوروپا. بە گوێرەی ئامارێکی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا وەکوو ئێستا زیاتر لە 11 هەزار و 300 کۆچبەر بە قاچاخ و لە ڕێگەی دەریاوە گەیشتووەنەتە دوورگەکانی یۆنان.
هەروەها لە ساڵی ڕابردوودا نزیکەی 45 هەزار کۆچبەر گەیشتوونەتە یۆنان و داوای پەبارێتیان کردووە کە زۆرینەیان لە تورکیاوە بەرەو یۆنان بەڕێکەوتوون و بەگوێرەی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەراورد بە چوار ساڵی ڕابردوو ئەمە بەرزترین ژمارەی کۆچبەرانە تۆماریان کردووە.