پۆلیسی هەولێر چەند کەسێک بە تۆمەتی کوشتنی کەسوکاریان دەستگیر دەکات

K24 – هەولێر:
پۆلیسی هەولێر ژمارەیەک تۆمەتبار بە تۆمەتی کوشتن دەستگیر دەکات و جەختیش دەکاتەوە بە هەوڵی وەزارەتی ناوخۆ و دامودەزگاکانی ئاسایش رێژەی تاوانی کوشتن کەمبووەتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، بە هەماهەنگیی لەگەڵ هێزەکانی ئاسایش، ژمارەیەک تۆمەتبار دەستگیر دەکات و رایگەیاند تۆمەتباران، دوای ئەنجامدانی تاوانەکان لە ماوەیەکی کەمدا دەستگیر کراون.
پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەشکردووە، ژمارەی دەستگیرکراوەکان پێنج تۆمەتبارن کە یەکێک لە تۆمەتباران، دایکی ئازار داوە و بووتە هۆکاری کوشتنی، تۆمەتبارێكی دیکەش لە هاوسەرەکەی داوە و کوشتوویەتی، هاوکات یەکێک لە تۆمەتبارەکانیش خوشکی خۆی کوشتووە.
پۆلیسی هەولێر جەختیکردووەتەوە، هەوڵەکانی وەزارەتی ناوخۆ و دامودەزگاکانی ئاسایش، لە ماوەی حەوت مانگیی رابردوودا، رێژەی تاوانی کوشتن بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبوونەتەوە.