بەشێک لە کرێکاران لە ڕۆژی جیهانیشیاندا کار دەکەن

K24 – هەولێر:
یەکی ئایاری هەموو ساڵێک ڕۆژی جیهانیی کرێکارانە، لە زۆربەی وڵاتانی جیهان یادی دەکرێتەوە، بەم بۆنەیەوە ئەمڕۆ لەسەرجەم دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان پشووە، بەشێک لە کرێکاران سەرەڕای ئەوەی کە ئەمڕۆ رۆژی جیهانییانە، لەبری پشوو، لە کار و ئەرکەکانیان بەردەوامن .
عەزیز کانەبی، کارگوزاری پارکی سامی عەبدولڕەحمان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەگەر پشووش بێت ئەم شوێنە نابێت چۆڵ بکرێت و دەبێت هەر کەسێک بێتەوە و ئاداگاری بێت، داواش دەکات هاووڵاتییان هاوکاریان بن لە پاکڕاگرتنی شوێنە گشتییەکان وەک خۆی دەڵێت: چەندی هاووڵاتییان هاوکارییان بن ئەرکیان سووکتر دەبێت.
کرێکاران لە ڕۆژی جیهانیی کرێکاراندا بەکارکردن پەیامی خۆیان دەگەیەنن، موزەفەر محەممەد، کرێکار، دەڵێت: پیرۆزبایی لەخۆم و گشت کرێکاران دەکەم، هەر چەند ئەم ڕۆژە بۆ ئێمە پشووە بەڵام ئێمە شارەکەی خۆمان خۆش دەوێت و دەمانەوێت هەمیشە پاک بێت.
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوبەرایەتی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە ماوەی چوار مانگی ئەمساڵدا 12 کرێکار لە هەرێمی کوردستان لە کاتی کارکردندا مردوون.
پەسەندکردنی یاسای کار لە هەرێمی کوردستان لەماوەی ڕابردوودا، بەشێکە لە چاکسازییەکان بۆ باشترکردنی ژیان و مسۆگەرکردنی مافەکانی کرێکاران، لە هەرێمی کوردستانیش 148 هەزار کرێکار دەستەبەریی کۆمەڵایەتییان بۆ کراوە کە 125 هەزاریان کرێکاری ناوخۆین.