کامەران عەلی: قوتابیانی خوێندنی کوردی لەکەرکووک دەرفەتیان هەیە لە زانکۆکانی کوردستان و عێراق بخوێنن

K24 – هەولێر

بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک ڕایگەیاند، ئەو قوتابخانانەی کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سنووری کەرکووک خاوەنداریەتیان دەکات ، نزیکەی 550 قوتابخانە و 48 باخچەی ساوایانە.

کامەران عەلی، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لەدوای پڕۆسەی ئازادی عێراق لە ساڵی 2003ەوە تاوەکو ئێستا ئەو قوتابخانانەی کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان خاوەنداریەتی دەکات، نزیکەی 550 قوتابخانە و 48 باخچەی ساوایانە.

کامەران عەلی گوتیشی: ئەو 550 قوتابخانە سنوورەکانی داقوق و دوز و لەیلان و پردێ و ناوشاری کەرکووک دەگرێتەوە، وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەهەموو شێوەیەک پاڵپشتیان کردووین، دەشڵێت: ئەو میلاکاتانەی هەمانە سەر بە حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، کە نزیکەی نۆ هەزار مامۆستا و فەرمانبەر دەبن، هەروەها نزیکەی 100 وانەبێژیشمان هەیە کە شایستە داراییەکانیان لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە بۆ دابین دەکرێت.

بەڕێوەبەرەکەی خوێندنی کوردی لە کەرکووک دەشڵێت: حکوومەتی هەرێم وەکو شارەکانی دیکەی کوردستان کتێب و پێداویستییەکانمان بۆ دابین دەکات، گوتیشی: ڕاستە بێ کەموکوڕی نەبووین بەڵام بەهەموو شێوەیەک وەزیری پەروەردە و سەرۆکی حکوومەت هاوکارمان بوون.

کامەران عەلی باسی لەوەشکرد، لەدوای 16ـی ئۆکتۆبەر ئەوەی بەسەر شارەکەدا هات، خوێندنی کوردیشی گرتەوە، بەڵام خۆشبەختانە بۆ یەک ڕۆژیش خوێندمان ڕانەگرت، هەروەها بەهۆی دڵسۆزی مامۆستایان و هاوکارییەکانی حکوومەت بۆیەک ڕۆژی پەنا نەبراوەتە بەر بایکۆت کردن، کەسوکاری قوتابیانیش هەست بەوەدەکەن کە منداڵەکانیان ئایندەیەکی گەشیان هەیە.

Fly Erbil Advertisment