ڕێكخراوی پەیامنێرانی بێسنوور: ئازادیی ڕۆژنامه‌گه‌ریی له‌ عێراق له‌ پاشه‌كشه‌دایه‌

K24 – هەولێر:

ڕۆژی 3ـی ئایاری هه‌موو ساڵێك ڕۆژی جیهانیی ئازادیی ڕۆژنامه‌گه‌رییه‌؛ به‌ گوێره‌ی ڕاپۆرتێكی ڕێكخراوی په‌یامنێرانی بێسنووریش ئازادیی ڕۆژنامه‌گه‌ری له‌ عێراق له‌ پاشه‌كشه‌دایه‌.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئازادیی ڕۆژنامەوانی ئەم ساڵ کە لە لایەن ڕێكخراوی پەیامنێرانی بێسنوورەوە بڵاو کراوەتەوە، پێوەرە سیاسییەکانی ئەمساڵ لە نێوان پێنج پێوەرەکانی پەیوەست بە ئازادی ڕۆژنامەگەریدا نزمترین ئاست بووە و تێکڕای دابەزینی جیهانی بە ڕێژەی 7.6 خاڵ تۆمار کردووە.

ڕاپۆرته‌كه‌ باسی له‌وه‌ كردووه‌، به‌هۆی شه‌ڕی غه‌ززه‌وه‌، ئه‌م ساڵ ڕێژه‌ی پێشێلكارییه‌كان دژ به‌ ئازادیی ڕۆژنامه‌گه‌ری زیاتر بووه‌، به‌ شێوه‌یه‌ك زیاتر له‌ 100 ڕۆژنامه‌نووسی فەڵەستینی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کوژراون، کە لانی کەم 22ـیان لە کاتی کارکردندا کوژراون.

سه‌باره‌ت به‌ عێراق نمره‌كه‌ی له‌ ساڵی 2024ـدا بۆ 25.4 دابه‌زیوه‌، له‌ كاتێكدا له‌ ساڵی ڕابردوودا نمره‌كه‌ی 32.9 بووه‌.

ڕاپۆرته‌كه‌ی ڕێكخراوی په‌یامنێرانی بێسنوور سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ ڕ‌اكێشاوه‌ عێراق له‌ كۆی له‌ 180 وڵات، پله‌ی 169ـه‌مینی گرتووه‌ له‌ بواری ئازادیی ڕۆژنامه‌گه‌ریدا، له‌ كاتێكدا له‌ ساڵی 2023ـدا له‌ پله‌ی 167ـدا بوو، به‌مه‌ش دوو پله‌ دابه‌زیوه‌.

زیانیارییه‌كانی ڕاپۆرته‌كه‌ ڕوونی ده‌كه‌نه‌وه‌، نمرەی عێراق لەسەر پێوەرە سیاسییەکان لە 39.2 بۆ 20.6، پێوەرە ئابوورییەکە لە 28 بۆ 22.1، پێوەرە کۆمەڵایەتییەکە لە 36 خاڵەوە بۆ 29.4 خاڵ و پێوەرە ئەمنییەکانیش لە 29.9 بۆ 28.6 دابەزیوە.

Fly Erbil Advertisment