کونسوڵی گشتیی فەرەنسا: هیوادارم لە ئاییندەیەکی نزیکدا پێکەوە لەگەڵ ئیدارەی زاخۆ کار بکەین

یان برایم، کونسۆڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان
یان برایم، کونسۆڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی کوردستان24ـەوە، سەرسامیی خۆی بەرانبەر بە جوانی سروشت و گەشانەوەی شاری زاخۆ دەردەبڕێت و دەڵێ: هەڵکەوتەی شارەکە پێگەیەکی بەهێزی بازرگانیی و گەشتیاریی بۆ شارەکە دروست کردووە.

یان برایم، کونسۆڵی گشتیی فەرەنسا تایبەت بۆ کوردستان24 گوتی: ئەمە یەکەم جارە سەردانی زاخۆ دەکەم، بەڕاستی بە جوانی و پێشکەوتنەکانی ئەم شارە سەرسام بووم، سەرسامم بەو پرۆژە و کارانەی بۆ ئەم شارە کراون و پەرەسەندنێکی لە ڕادەبەرەی بەخۆوە بینیوە.

کونسوڵی فەرەنسا سەرسامییەکی تایبەت بەرانبەر بە مێژوو و سیمای پردی زاخۆ و ڕازاندنەوەی کۆرنیش و بازاڕی مێژوویی شارەکە دەربڕی و گوتی: هەموو ئەمانە زۆر سەرنجڕاکێشن، هەر وەک دیارە، ئێمە لە سنووری تورکیا نزیکین، و ئەمەش وا لەم شارە دەکات ببتە سەنتەرێکی سەرەکی بۆ بازرگانیی و گەشەی ئابووری و گەشتیاری.

هەر لە ڕێگەی کوردستان24ـەوە مژدەیەکی بە دانیشتووان و ئیدارەی زاخۆدا و گوتی: هیوادارم لە ئاییندەیەکی نزیکدا هاوکاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بین و پێکەوە کار بکەین."

ڕۆژی 14ی ئابی2023، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمێکدا پڕۆژەی گەشتیاریی کۆرنیشی دەلالی لە زاخۆ کردەوە.

پڕۆژەکە، بە گوژمەی 11 ملیار و 500 ملیۆن دینار لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان دروستکراوە، درێژییەکەی 1500 مەترە لە هەردوو دیوی ڕووباری خابوور. لە ناو پرۆژەکەدا بەنداوێک بە درێژی 73 مەتر و بەرزی 3.5 مەتر دروستکراوە، کە توانای گلدانەوەی ئاوی زیاتر لە 250 هەزار مەتر سێجا ئاوی هەیە، لە %70ی رووبەری پڕۆژەکە لە سەوزایی پێکهاتووە و بەشێکی گرنگە لە بوژانەوەی زیاتری کەرتی گەشتیاری لە سنووری ئیدارەی زاخۆ.

Fly Erbil Advertisment