حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید: پاراستنی جلوبه‌رگ وه‌ك به‌شێك له فەرهەنگی نه‌ته‌وه‌یی، له ستراتیجیی كاری وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیریدایه

K24 - هەولێر:
وه‌زیری ڕۆشنبیریی و لاوانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه به‌وه ده‌كات، ده‌وڵه‌مه‌ندیی و جیاوازیی جلوبه‌رگ و شاڵ و شهپكی كوردی نیشانه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندیی فەرهەنگی گه‌لی كورده.
ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه 15ـی ئایاری 2024) حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیری ڕۆشنبیریی و لاوانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له میانی فێستیڤاڵی شاڵ و شهپك و جلوبه‌رگی كوردی له زاخۆ گوتارێكی پێشكه‌ش كرد و ئاماژه‌ی به‌وه كرد، جلوبه‌رگ وه‌ك به‌شێك له فەرهەنگی نه‌ته‌وه‌یی، به‌شێكه له ستراتیجیی كاری وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیریی بۆ پاراستن و گه‌شه‌پێدانی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا.
وه‌زیری ڕۆشنبیریی و لاوانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتیشی، ده‌وڵه‌مه‌ندیی و جیاوازی جلوبه‌رگ و شاڵ و شهپكی كوردی به پێی ناوچه جیاوازه‌كان له هه‌ورامانه‌وه بۆ زاخۆ، نیشانه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندیی فەرهەنگی گه‌لی كورده و پێویسته پارێزگاری لێ بكرێت.
وه‌زیری ڕۆشنبیریی باسی له‌وه‌ش كرد، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له ڕێگه‌ی وه‌زاره‌ته‌كه‌یان پشتیوانیی هه‌ر هه‌وڵێكی له‌م شێوه‌یه ده‌كات.
وه‌زیری ڕۆشنبیری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هیوای خواست ئه‌م فێستیڤاڵه ببێته نه‌ریتێكی ساڵانه و تێیدا كوردی هه‌ر چوارپارچه‌ی كوردستان و كۆماره‌كانی یه‌كێتیی سۆڤیه‌تی پێشووش به‌شدار بن بۆ ناساندنی زیاتری جلوبه‌رگی كوردی.
ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه 15ـی ئایاری 2024) دووه‌م فێستیڤاڵی شاڵ و شهپك و جلوبه‌رگی كوردیی له زاخۆ به دروشمی "وڵات دایكه و كولتوور ناسنامه‌یه" به سپۆنسه‌ری كوردستان24 به‌ڕێوه ده‌چێت و تێیدا جۆره‌كانی جلوبه‌رگی ڕه‌سه‌نی كوردیی له ناوچه جیاوازه‌كانی كوردستان نمایش ده‌كرێت.
میوانانی فێستیڤاڵه‌كه له هه‌ر چوارپارچه‌ی كوردستان و له كونسوڵخانه‌ی وڵاتان له هه‌رێمی كوردستان به‌شداری ده‌كه‌ن.
له‌م باره‌وه بۆتان خه‌یات، كه به‌شداری فێستیڤاڵه‌كه‌ی كردووه تایبه‌ت به كوردستان24 گوتی، ئه‌و جۆره فێستڤاڵه گوزارشت له به‌هێزی فەرهەنگی نه‌ته‌وه‌یی ده‌كات و ئه‌ركی هه‌مووانه بایەخی پێ بده‌ن.
بۆتان خه‌یات ساڵی ڕابردوویش به‌شداری له فێستیڤاڵه‌كه‌دا كردووه و ئاماژه‌ی به‌وه كرد، فێستیڤاڵی ئه‌م ساڵ زۆر پێشكه‌وتوو و فره‌وانتر و سه‌رنجڕاكێشتره.
بۆتان خه‌یات پێی وابوو ئه‌و جۆره فێستیڤاڵانه ده‌بنه ده‌رگایه‌ك بۆ زیاتر ئاشناكردنی جلوبه‌رگی كوردیی به نه‌وه‌ی ئێسته و میوانانی بیانی، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات جلوبه‌رگی كوردی به زیندوویی بمێنێته‌وه.