حکوومەتی عێراق یاسای ژمارە پێنجی ساڵی 2006ی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی جێبەجێ نەکردووە

یەکێتیی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستان لە ڕۆژی نیشتمانیی گۆڕە بە کۆمەڵەکان لە ئاستی عێراق، ڕەخنەی توند لە حکوومەتی فیدراڵ و دەزگای شەهیدانی عێراق دەگرێ و ڕایدەگەیەنێت، لە ‌هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان و گەڕاندنەوەی ڕووفاتی ئەنفالکراوان کەمتەرخەمن و یاسای ژمارە پێنجی ساڵی 2006ی گۆڕە بە کۆمەڵەکانیان جێ بەجێ نەکردووە.

لە ڕاگەیەندراوێکی یەکێتییەکەدا هاتووە "تاوەکوو ئێستا نەتوانراوە تەنانەت لە 10% ڕووفاتی قوربانیانی جینۆسایدی گەلی کورد لە تاوانی ئەنفال و جینۆسایدی بارزانییەکان و کوردانی فەیلی بگەڕێنرێتەوە بۆ خاکی نیشتمان، ڕووفاتی پیرۆزییان لە ژێر لمی بیابانەکانی عێراقدا بڵاوبووەتەوە".

هەروەها ئاماژەی داوە، لە کۆی 182 هەزار جینۆسایدکراوی تاوانی ئەنفال و هەشت هەزار قوربانیی جینۆسایدی بارزانییەکان و دەیان هەزار قوربانیی جینۆسایدی کوردانی فەیلی، تاوەکوو ئێستا 301 گۆڕی بە کۆمەڵ سەردەمی ڕژێمی بەعس لە سەرتاسەری عێراقدا دۆزراونەتەوە، لەو ژمارەیە زیاتر لە 80% گۆڕی ڕووفاتی جینۆسایدکراوانی کوردن، بەڵام تا ئێستا تەنیا 17 گۆڕی بە کۆمەڵی ئەنفالکراوان هەڵدراوەتەوە و تەنیا 1%ی ئەنفالکراوان و کەمتر لە %9 جینۆسایدکراوانی بارزانییەکان گەڕێندراوەتەوە. هەروەها نەتوانراوە نەك ڕوفات، بەڵکو یەك گۆڕ یان شوێنی لە ناوبردنی قوربانیانی جینۆسایدی کوردانی فەیلی بدۆزرێتەوە.

یەکێتیی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستان ئاماژەی داوە، جگەلە 200 خێزان نەبێت تاوەکوو ئێستا هەڵمەتێکی سەرتاسەری بۆ وەرگرتنی نموونەی خوێن لە کەسوکاری ئەنفالکراوان و جینۆسایدکراوان وەرنەگیراوە بۆ ئەوەی پشکینین بۆ ناسینەوەی ڕوفاتەکان بکرێت. ئەو خێزانانەشی نموونەی خوێنیان وەرگیراوە لە 21 شوباتی ڕابردوو بووە ڕووفاتی قوربانییەکانیان گەڕێنراونەتەوە کوردستان.

ڕاشیدەگەیەنن، لە دوای 21 ساڵ تێپەڕبوون بە سەر ڕووخانی ڕژێمی بەعس، حکوومەتی عێراق و لە سەرووی هەمووشیانەوە دەزگای شەهیدانی عێراق، بە جێبەجێ نەکردنی یاسای ژمارە پێنجی ساڵی 2006ی گۆڕە بە کۆمەڵەکان، بێباکی و کەمتەرخەمییان لە دۆسییەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ئەنفالکراوان و جینۆسایدکراوانی کورد دەردەخات لە کاتێکدا بەرپرسیارییەتی هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان و گەڕاندنەوەی ڕووفاتەکانی لە ئەستۆدایە.

لە ساڵی 2007ـەوە، ڕۆژی 16 ئایاری هەموو ساڵێک بە ڕۆژی نیشتمانی گۆڕە بە کۆمەڵەکان لەسەر ئاستی عێراق دیاری کراوە وەک ڕێزگرتن لە قوربانیانی ئەنفال و جینۆساید.

Fly Erbil Advertisment