پەیام حازم لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشداریی فێستیڤاڵێکی ئەدەبی لە ڕووسیا دەکات

کچێکی کورد لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەشداریی فیستیڤاڵێکی ئەدەبی لە ڕووسیا دەکا و سەرکەوتن بەدەست دێنێت.
پەیام حازم حوسێن، کچە کوردێکی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هاوشان لەگەڵ دوو هەزار کەسی دیکە لە ڕووسیا، بە هۆنراوەیەک بەشداریی لە فێستیڤاڵێکی ئەدەبی ڕووسیا کرد لە پێشبڕکێکاندا سەرکەوتنی بەدەست هێنا، ئێستا بۆتە یەکێک لەو 108 کەسەی گەیشتووەتە قۆناغی پێنجەم.
پەیام حازم لە لێدوانێکی تایبەت بە کوردستان 24-ی راگەیاند، بە پارچە هۆنراوەیەک بەشداریی لە پێشبڕکێی دەیەمین فێستیڤاڵی شاعیرانی لاوی بەناوی (لیۆنید فیلاتەڤ) کرد.
پەیام گوتیشی: لە سەرەتای مانگی شوباتی ڕابردوو داواکاریم پێشکەش کرد، فێستیڤاڵەکە بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕی، قۆناغی یەکەمی فێستیڤاڵەکە پێشکەشکردنی داواکاری بوو، ئێستا فێستیڤاڵەکە چوار قۆناغی بڕیوە و لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە ئاژانسی تاس، بەڕێوەبەری فێستیڤاڵەکە ناوی سەرکەوتووانی فیستیڤاڵەکەی بۆ قۆناغی داهاتوو ئاشکرا کرد کە دوو هەزار کەس تێیدا بەشدار بوون، بەڵام تەنیا بەرهەمەکانی 108 کەس هەڵبژێردران، خۆشبەختانە من یەکێک بووم لەوان.
پەیام ئەوەشی خستە ڕوو، بەشداریم لەم فێستیڤاڵە بۆ ئەوەیە، ئەدەبیاتی کورد، دەنگی کورد، قەڵەمی کورد ئاشناتر بکەین بە گەلانی دیکە.
فێستیڤاڵی شاعیرانی لاو بەناوی (لیۆنید فیلاتەڤ) بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2014 وە دەستی پێ کردووە و تائێستا 20 هەزار شاعیری لاو کە تەمەنیان لە نێوان (18-35) ساڵدایە بەشدار بوونە. فێستیڤاڵەکە، لە لایەن دامەزراوەی سەرۆکایەتیی دەستپێشخەرییە فەرهەنگییەکان هاوکاریی دەکرێت. بڕیارە ڕۆژی 14 ی ئۆکتۆبەری 2024 قۆناغی کۆتایی بەڕێوە بچێت و یەکەمی پێشبرکێکە بە بڕی ملیۆنێک رووبل (کە دەکاتە زیاتر لە 10 هەزار دۆلار) خەڵات دەکرێت.