قالیباف بە سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هەڵبژێردرایەوە

محەممەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران
محەممەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران

پەرلەمانی ئێران لە دووەمین کۆبوونەوەی ئاسایی وەرزی یاسادانی خولی 12ـەمبدا بە دەنگی 198 پەرلەمانتار جارێکی دیکە محەممەد باقر قالیبافی بە سەرۆک هەڵبژاردەوە.

قاڵیباف بۆ دووەمجاری لە سەر یەکە دەبێتەوە بە سەرۆکی پەرلەمان و ئەمجارەش بۆ چوار ساڵی دیکە لە پۆست و ئەرکەکەی بەردەوام دەبێت.

هاوکات حەمیدڕەزا حاجی بابایی بە جێگری یەکەم و عەلی نیکزاد بە جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردران.

پەرلەمانی ئێران ئەمڕۆ سێشەممە بە دەنگی زۆرینە بڕیاریاندا، پێنجشەممە 31ی ئایاری 2024 کۆبوونەوەی کراوەی پەرلەمان بەڕێوەبچێت. لە دوای بە سەرۆک هەڵبژاردنەوەی، قالیباف ڕایگەیاند، پێویستە هەموو پەرلەمانتاران تا کۆتایی چوارشەممە ئامادە بن بۆ ئەوەی ئەگەر هەر پەرلەمانتارێک ناڕەزایەتیی هەبێت سەبارەت بە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، ئەوا ناڕەزایەتییەکەی تۆمار بکات تاوەکوو بخرێتە کارنامەی کۆبوونەوە.

محەممەد باقر قالیباف لە 23ی ئابی 1961 لە شاری خۆراسانی ڕەزوی ناوەندی پارێزگای مەشهەد لە دایکبووە، لە ماوەی هەشت ساڵەی جەنگی ئێران – عێراق فەرماندەی هێزەکانی ئیمام ڕەزا، نەسر بووە لە ڕیزی هێزەکانی سوپای پاسداران.

دوای کۆتایی هاتنی جەنگی هەشت ساڵە، لە ساڵی 1994 بووەتە فەرماندەی بارەگای خاتەمولئەنبیا بۆ کاروباری ئاوەدانکردنەوە، دواتر لە 1996 بووەتە فەرماندەی گشتیی هێزەکانی ئاسمانی سوپای پاسداران و لە ساڵی 1999ش بووەتە فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پۆلیسی ئێران.

لە ساڵی 2002 نوێنەری تایبەتی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران بووە لە هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکان، لە ساڵی 2005 بووەتە پارێزگاری تاران، لە هەڵبژاردنەکانی 2013 کاندیدی سەرۆککۆماری ئێران بوو، بەڵام نەیتوانی بەرانبەر بە حەسەن ڕۆحانی سەرۆککۆماری پێشووتری ئێران سەرکەوتوو بێت.

Fly Erbil Advertisment