ئایدن مەعروف: پێویستە پێکهاتەکان بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردن بکەن

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان ڕایگەیاند، "پێویستە پێکهاتەکان بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردن بکەن"، هەروەها سەرۆک بارزانی ڕۆلێکی زۆر گرنگی هەبوو، لە پاڵپشتی کردنی مافی پێکهاتەکان و داواکارییەکانیان.
ئەمڕۆ سێشەممە، 28ـی ئایاری 2024، ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "پێویستە پێکهاتەکان بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردن بکەن"، لەگەڵ ئەوەداین پێکهاتەکان بە 11 کورسی بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەن، چونکە بەیاسا ڕێکخراوە و مافی ئەوانە.
ئایدن مەعروف گوتیشی: "دەمەوێت جەخت لەوە بکەمەوە، سەرۆک بارزانی ڕۆلێکی زۆر گرنگی هەبوو، لە پاڵپشتی کردنی مافی پێکهاتەکان و داواکارییەکانیان، هەروەها گەڕاندنەوەی کورسی کۆتاکان".
باسی لەوەشکرد، بڕیاری دەستەی دادوەری سەبارەت بە کورسی کۆتاکان و دابەشکردنیان بەسەر پارێزگاکاندا ڕەتدەکەینەوە. هەروەها بڕیارەکە بە بڕیارێکی سیاسی دەزانین.
ڕۆژی 21ی شوباتی 2024، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەش بکرێت و ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانیش بۆ 100 کورسی کەمبکرێنەوە.
ڕۆژی (18ـی ئاداری 2024) مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەیاننامەیەکی لەبارەی دۆخی ئێستای عێراق، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندووە:"بە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین كە پارتیمان نەچێتە ژێرباری پەسەندکردنی بریاری نادەستووری و سیستەمێکی سەپێنراو لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە دەستوورییەکانی و بەشداریی هەڵبژاردنێک نەكات کە بە نایاسایی و نادەستووری و لەسایەی سیستەمیکی سەپێنراودا بەڕێوە بچێت".
دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان، کە سەر بە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراقە؛ لە وەڵامی ژمارەیەک سکاڵای پێشکەشکراو لەلایەن پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستانەوە، بڕیاریدا لە 100 کورسیی پەرلەمانی کوردستان، پێنج کورسی بۆ پێکهاتەکان تەرخان بکرێن. واتا 95 کورسی گشتیی دەبن، پێنج کورسییەکەی دیکەش تایبەت دەبن بە پێکهاتەکان.
ڕۆژی سێشەممە، 21-05-2024، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیارەکەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی پەسەند کرد. بە گوێرەی دەقی بڕیارەکە کە دوێنێ دووشەممە، 20-05-2024 دەرچووە؛ پێنج کورسییەکەی پێکهاتەکان بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا دابەش دەکرێن:
1. هەولێر: دوو کورسی (یەکێکیان بۆ کریستییانەکان و یەکێکیان بۆ تورکمانەکان).
2. سلێمانی: دوو کورسی (یەکێکیان بۆ کریستییانەکان و یەکێکیان بۆ تورکمانەکان).
3. دهۆک: یەک کورسی بۆ ئەرمەنەکان.