لە عێراق ڕێژەی خۆکوشتن لە هەڵکشاندایە

تەنها لەماوەی هەفتەیەکدا لە عێراق سێ حاڵەتی خۆکوشتن هەبووە و چوار هەوڵی خۆکوشتنیش پووچەڵ کراونەتەوە.

پسپۆڕان هۆشداریی لەبارەی زیادبوونی حاڵەتەکانی خۆکوشتن لە عێراق دەدەن و بەمەترسیی بۆ  کۆمەڵگەی دەزان. دیارترین هۆکانی خۆکوشتنیش لە عێراق بریتین لە؛ کێشە دارییەکان، بێکاریی و کێشە سۆزدارییەکان، هاوشان لەگەڵ ئالودەیی بە ماددەی هۆشبەر.

خۆکوشتن، ئەو حاڵەتەی ڕۆژانە لانی کەم جارێک یاخود زیاتر لە پارێزگاکانی عێراق دووبارە دەبێتەوە، پسپۆڕانیش هۆشداریی لە زۆربوونی حاڵەتەکانی دەدەن، بەجۆرێک نزیکەی لەوەی ببێتە دیاردەیەکی ڕۆژانە.

تەنها لە یەک ڕۆژدا لە بەغدا، سێ حاڵەتی خۆکوشتن هەبووە کە یەکێکیان فەرمانبەر بووە و لەناو دامەزراوەیەکی حکوومەتیدا خۆی کوشتووە.

هاوکات، دەزگا ئەمنییەکانی عێراق ئاشکرایان کردووە، لە کەمتر لە 48 کاتژمێردا چوار هەوڵی خۆکوشتن لە پارێزگاکانی باشووری عێراق هەبووە، کە سەرجەمیان پووچەڵ کراونەتەوە.

بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، تەنها لەساڵی 2024دا زیاتر لە 280 حاڵەتی خۆکوشتن لە عێراقدا ڕوویان داوە. زۆرینەی ئەوانەی خۆیان دەکوژن فەرمانبەری حکوومەت یاخود خاوەنی کاری خۆیانن، تەمەنیشیان لەنێوان 25 بۆ 50 ساڵیدایە لە هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ.

جۆرەکانی خۆکوشتن لە عێراق جیاوازن، هەندێکیان بە چەک دەکرێن، هەندێکیان خۆ خنکاندنن و بەشێکی دیکەشیان بەخواردنی دەرمان و ڕێگەکانی دیکە.

بەپێی پێگەی کێنتری کاستی نێودەوڵەتی، عێراق پلەی 154 می بۆ بەرزیی ڕێژەی خۆکوژی وەرگرتووە، بەجۆرێک لە کۆی هەر 100 هەزار کەسێک سێ کەس خۆیان دەکوژن.

هەروەها لە عێراق کەمترین دکتۆری دەروونیی هەیە و خەڵکیش بەکەمی سەردانی دکتۆرە دەروونییەکان دەکەن، یەکێکی دیکە لە هۆ سەرەکییەکان دەرنەچوونە لە قوتابخانە و تاقیکردنەوەکان. ئەوە شانبەشانی هۆ سۆزدارییەکان و جیاوبوونەوەی هاوسەران.

کۆمەڵێک هۆی دیکە هەن کە ڕێژەی خۆکوژییان لە عێراق زیاد کردووە، لەوانە: بێکاریی، دەستدرێژی و هەراسانکردن لە ڕێگەی سۆشیاڵ مێدیاوە، خەمۆکی و ئالوودەبوون بە ماددەی هۆشبەرەکان.

Fly Erbil Advertisment