ئەنجوومەنی وەزیران باشترکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا و پرسەکانی مووچە و پرۆسەی حەجی ئەمساڵ تاوتوێ دەکات

K24 - هەولێر:
ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا، باشترکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا، دوایین پەرەسەندنەکانی بابەتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و پرۆسەی حەجی ئەمساڵی تاوتوێ کرد.
ڕۆژی (26ـی حوزەیرانی 2024) بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، ڕاپۆرتێک لەبارەی ڕەوشی ئێستەی خزمەتگوزاریی کارەبا لە هەرێمی کوردستان لە وەرزی هاوین و هەوڵەکانی وەزارەت بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارەیی کارەبا لەم وەرزەدا لەلایەن کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبا خرایە ڕوو.
وەزیری کارەبا ئاماژەی بە پلان و بەرنامەکانی وەزارەتەکەی کرد بۆ زیاترکردنی بڕی کارەبای بەرهەمهێنراو لە کابینەی نۆیەمی حکومەتدا، ئەمەش ئەنجامی چاکسازیی لە کەرتی کارەبا بووە.
وەزیری کارەبا باسی لە هۆ و ئەگەرەکانی کەمیی کارەبا و زیادبوونی خواست لەسەر کارەبا لە وەرزی هاویندا کرد و ئاماژەی بەوە دا، کە خواستی کارەبا لەم مانگەدا 4800 میگاواتە بەڵام بەرهەمهێانی کارەبا 3989 مێگاوات بووە کە دابەشکراوە بەسەر شارەکاندا و بە تێکڕا نزیکەی 13 کاتژمێر کارەبای نیشتیمانی دابینکراوە لەم مانگەدا، لە هەمان کاتدا وەزیری کارەبا هۆکانی کەمیی کارەبای خستەڕوو کە بریتین لە کەمیی غازی سروشتی پێویست بۆ بە بەگەڕخستنی یەکەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و گەشەی ساڵانەی هاوبەشانی کارەبا و زیادبوونی خواست لەسەر کارەبا.
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا، وەزیری کارەبا چەند پێشنیازێکی خستەڕوو بۆ باشترکردنی ئەم خزمەتگوزارییە.
ئەنجومەنی وەزیران پێشنیارەکانی وەزارەتی کارەبای ئاراستەی وەزارەت و لایەنەپەیوەندیدارەکان کرد بۆ گرتنەبەری ڕێکاریی پێویست.
لە تەوەرێکی دیکەدا، ئەنجومەنی وەزیران پێشنیازێکی وەزیری کارەبای پەسەند کرد سەبارەت بە بڕیارێکی پێشووی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە داشکاندنی ڕێژەی %20 ی پارەی کەڵەکەبووی کارەبای هاووڵاتییان و بڕیاردرا تا 2024/7/31 ڕێژەی داشکاندنی سەرەوە بەردەوام دەبێت .
بڕگەی دووەم تایبەت بوو بە ڕاپۆرتێک لەلایەن پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، سەبارەت بە بەڕێوەچوونی ڕێورەسمی ئەمساڵی حەج و ڕێکارەکانی وەزارەت لەم بارەیەوە. هەروەها بابەتی مردنی ژمارەیەک لە حاجیانی هەرێمی کوردستان .
وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی ئاماژەی دا بەوەی کە ژمارەی حاجیانی هەرێم 4685 کەس بوون و وەزارەت لە ڕێگای بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج وبەرپرسی نووسینگەی حەج لە پارێزگاکان وئیدارە سەربەخۆکانی هەرێم، بەرپرسیار بوون لە سەلامەتی و هاتوچۆ و گواستنەوەی حاجیان بۆ سعوودیە و چاودێریی دابینکردنی شوێنی حەوانەوەیان و نانخواردنیان و سەلامەتی و سەرپەرشتی کردنیان، هەروەها تیمی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم هاوەڵی حاجیانی هەرێم بوون بۆ پاراستنی سەلامەتی تەندروستیان. سەرەڕای ئەوەی حکومەتی هەرێم پاڵپشتی داراییشی تەرخان کردبوو بۆ حاجیان.
سەبارەت بە گیان سپاردنی ژمارەیەک لە حاجیانی هەرێمی کوردستان، ئەنجومەنی وەزیران دڵگرانیی و سەرەخۆشی وهاوخەمی لەگەڵ بە بنەماڵە و کەسوکاری خوالێخۆشبووان دەربڕی و وەزارەتی ئەوقاف وکاروباری ئایینیشی ڕاسپارد کە بە هەماهەنگی وەزارەت ولایەنە پەیوەندیدارەکان، لە هۆکانی گیان لە سپاردنی ئەو حاجییانە بکۆڵنەوە و هەموو ڕێکارێک بگرنەبەر بۆ ڕێگریی لە دووبارەبوونەوەی ئەم ڕووداوە دڵتەزێنانە لە ساڵانی داهاتوودا.
هەر سەبارەت بەم بڕگەیە، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی ڕاپۆرتێکی خستە ڕوو سەبارەت بە ڕەوشی تەندروستیی حاجیانی هەرێم لە ساڵی 2024 ئەویش لە ڕێگەی دابینکردنی ستافێکی تەندروستی لە پزیشکانی پسپۆڕ وکارمەندانی تەندروستی کە هاوسەفەری حاجییان بوون بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی بە حاجییان.
لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوە ، گفتوگۆ لەبارەی بابەتەکانی پەیوەندیدار بە مووچەی هەرێمی کوردستان و ڕێکار و میکانیزمی جێبەجێکردنی پابەندییەکان لە بەرامبەر حکوومەتی فیدراڵ کرا؛ لەوانە، لیستی مووچەی مانگانەی مووچەخۆرانی هەرێم، پرۆسەی وردبینی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵ و هەرێم، بەبانکیکردنی مووچە ، بابەتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەی یەکگرتووی سەرجەم دامەزراوەکان، بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی مانگانەی هەرێم و بابەتی ڕێکخستنەوەی مینحەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە.
ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و ئەندامانی شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، کورتەیەکیان دەربارەی دوایین پەرەسەندنەکانی بابەتەکانیان خستەڕوو.
ئەنجومەنی وەزیران هەڵوێستی خۆی دووپات کردەوە کە خوازیاری چارەکردنی کێشە و بەربەستەکانی بەردەم خەرجکردنی مووچەی هەرێمی کوردستانە، سەرجەم وەزارەتەکانیش ڕاسپێردران کە پێویستە بەردەوام بن لەسەر ناردنی لیستی مووچەی مووچەخۆران و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەی داهات و خەرجی و میلاکی هەرێم لە کاتی خۆیدا و بەردەوام بن لە پێشکەشکردنی کارئاسانی پێویست بۆ تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی و هەرێم بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان لە وردبینی و پێداچوونەوە. سەبارەت بە مووچەی مانگی پێنجی هێزەکانی پێشمەرگە و دامەزراوە ئەمنیەکانیش، داوا کرا کە وەزارەتی دارایی عێراق، بە زووترین کات مووچەکانیان خەرج بکات بە تایبەتیش کە لە دوا هەنگاودا، حکومەتی هەرێمی كوردستان، لیستی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگەی بە سەرجەم داتا و زانیاری پێویست ئاراستەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ کردووە و هیچ بيانوویەک بۆ نەناردنی مووچەکانیان نەماوە. ئەنجومەنی وەزیران هەروەها وەزارەتی دارایی وئابووری ڕاسپارد پەلە بکەن لە ناردنی لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ مانگی 6 بۆ بەغدا و هەروەها ناردنی بەشی گەنجینەی فیدراڵیی لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم بۆ ئەژمێری وەزارەتی دارایی عێراق.
لە کۆتاییدا سەبارەت بەدیاریکردنی ڕۆژی 2024/10/20 بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پێشوازی کردن لەو فەرمانە هەرێمییە، ئەنجومەنی وەزیران پێشنیاری پێشوازیکردنەکەی خستە دەنگدانەوە و بە زۆرینەی دەنگ، پێشوازیی لە ڕاگەیاندنی ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا.