ئەمڕۆ ماوەی تۆمارکردنی هاوپەیمانێتی و پارت و کاندیدانی سەربەخۆ و پێکهاتەکان کۆتایی دێت

کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق
کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق

دوای دووجار درێژکردنەوەی ماوەکە، ئەمڕۆ وادەی پێشکەشکردنی داواکاریی تۆمارکردنی هاوپەیمانێتی و حزب و کاندیدانی سەربەخۆی بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی دێت.

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە 24ی ئەم مانگە بۆ جاری دووەم، سێ ڕۆژ ماوەی پێشکەشکردنی داواکارییەکانی بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی درێژ کردەوە و بەگوێرەی بڕیارەکە، تاوەکوو کۆتایی دەوامی ئاسایی ئەمڕۆ 27ی حوزەیرانی 2024 بەردەوام دەبێت.

ماوەی پێشکەشکردنی داواکارییەکان سەرەتا لە 8 تاوەکوو 13ی حوزەیرانی 2024 بەردەوام بوو، بەڵام کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە 13ی مانگ بەر لە کۆتایی هاتنی دەوامی ئاسایی، ماوەکەی تاوەکوو دووشەممە 24ی حوزەیرانی 2024 درێژکردەوە.

کۆتایی هاتنی وادەی پێشکەشکردنی داواکارییەکانی بەشداریی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ڕۆژێک دوای دیاریکردنی وادەی نوێی هەڵبژاردن دێت لەلایەن سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان.

دوێنێ چوارشەممە، دڵشاد شەهاب گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پاڵپشت بە بڕگەی دووەم، لە ماددەی دەیەم، لە یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ژمارە یەکی 2005ـی هەموارکراو، بڕیاریدا بە دەرکردنی فەرمانی هەرێمی ژمارە 222ـی ساڵی 2024، کە دیاریکردنی ڕۆژی 20ی تشرینی یەکەمی 2024 بە وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی گشتیی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان.

دوای دیاریکردنی وادەی نوێ، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە زۆرینەی دەنگ پێشوازی لە وادەی نوێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات و ئامادەی هەموو هاوکارییەکە بۆ پاڵپشتی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە.

هەروەها عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی مێدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە کارەکانیان بەردەوامن و هیچ ئاستەنگێک نییە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی دیاریکراودا بەڕێوە بچێت و جەختی کردەوە لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەماهەنگییەکی باشیان هەیە بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەکە.

هەر لەبارەی دیاریکردنی وادەی نوێی هەڵبژاردنی شەشەمین خولی پەرلەمانی کوردستان لە 20ی مانگی 10ی ئەم ساڵ، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، باڵیۆزی ڕێکخراوەیی یەکێتی ئەوروپا، نوێنەرایەتیی وڵاتان و حزب و پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان پێشوازیان لە دیاریکردنی وادەکە کردووە.

Fly Erbil Advertisment