مونا قەهوەچی: پێکهاتەکان پێشوازیی لە دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردن دەکەن

جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمانی ڕایگەیاند، پێکهاتەکان پێشوازیی لە دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردن دەکەن، هەروەها بۆ چەسپاندنی بنەمای دیموکراسیەت و بەهێزبوونی قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان، ئێمە ئامادەیی خۆمان دەربڕی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
مونا قەهوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمانی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، پێکهاتەکان پێشوازیی لە دیاریکردنی ڕۆژی 20 ئۆکتۆبەری 2024، بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەکەن.
مونا قەهوەچی گوتیشی: "گەڕانەوەی کورسیی کۆتاکانی 'تورکمان، کلدان، ئاشووری، سریانی و ئەرمەنی' بەپێی پێویستی و خواستی پێکهاتەکان نەبوو، بەڵام لەو کاتەدا بۆ چەسپاندنی بنەمای دیموکراسیەت و بەهێزبوونی قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان، ئێمە ئامادەیی خۆمان دەربڕی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، تاوەکو نوێنەری ڕاستەقینەی خۆمان لە پێکهاتەی تورکمان بچێتە پەرلەمان."
ئاماژەی بەوەش کرد، پێکهاتەکان هەمیشە لەبەر بەرژەوەندی گشتی دەستبەرداری مەفەکانی خۆی بووە، لەبەر ئەوەی بەرژەوەندی گشتیی گرنگترە لە بیری تەسکی حزبایەتی، هەروەها دەبێت دۆخی هەرێمی کوردستان سەقامگیر بێت و هەمیشە بەبەهێزی بمێنێتەوە.
جەختیشی کردەوە، پێکهتەکان ئامادەکاری خۆیان دەکەن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەگەر یەک کورسیش بێت لە پارێزگای هەولێر، هەرچەندە هەموو لایەنە سیاسییەکان باش ئەزانن، کە پێگەی جەماوەری پێکهاتەی تورکمان لە هەولێرە نەک پارێزگاکانی دیکە، بەڵام ئەوەی دابەش کرا هیچ یەکسانییەکی تێدا نەبوو، سەرەڕای ئەوەش ئێمە ڕەزامەندیمان دا لەسەر بەشداریی هەڵبژاردن.
ڕۆژی 26ـی حوزەیرانی 2024 دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسوومێکی هەرێمیدا، ڕۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی 2024ی بۆ وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری کردووە.
لەلایەن خۆیەوە، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئامادەین لەو وادەیەی کە ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیاری کردووە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە ببەین.
پارتی دیموکراتی کوردستان وەک یەکەم لایەنی سیاسیی، وەڵامی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی دایەوە و ئامادەیی خۆی نیشان دا بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردن و دەست پێ کردنی ئامادەکارییەکانیشی بۆ ئەو هەڵبژاردنە ڕاگەیاند.
هاوکات ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، حکوومەتی عێراق، یونامی و یەکێتیی ئەورووپاش پێشوازییان لە دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە لایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە کرد و پشتیوانیی خۆیان بۆ کۆمیسیۆن و سەرکەوتنی پرۆسەکە ڕاگەیاند.
هاوکات سەرۆک بارزانی، لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، بەبۆنەی دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 20ـی ئۆکتۆبەری 2024، دەستخۆشیی لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەکەم.
سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە، پاڵپشتیی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی بێگەرد و دوور لە دەستوەردان دەکەین.
هاوکات گوتیشی: خوازیارین لایەنە سیاسییەکان بە ڕەچاوکردنی دۆخی هەرێمی کوردستان، بە بەرپرسیارێتییەوە هاوکار بن بۆ سەرخستنی پرۆسەیەکی دیموکراسییانە و پاراستنی سەقامگیری و پێکەوەژیان.