پەرلەمانتارێکی پێشوو: سەرۆک بارزانی، تاکە کەس بووە پشتگیریی لە پێکهاتەکان کردووە

ئەندامێکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، پێشوازی لە دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردن دەکەین، بەشداری هەڵبژاردن دەکەین و کاندیدیشمان بۆ خۆ بەربژێرکردنی پەرلەمانی کوردستان هەیە، هەروەها سەرۆک بارزانی، تاکە کەس بووە پشتگیری لە پێکهاتەکان کردووە بەتایبەت گەلی کریستیان.
ڕوبینا عەزیز، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی هەڵبژاردنەکانەوە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "وەکو پێکهاتەکانی کلدان، سریان، ئاشوور" پێشوازی لە دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردن دەکەین، دەشڵێت، هەردەم پاڵپشت و پشتگیر بووینە لە هەموو ئەو وادانەی کە بۆ هەڵبژاردن لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانەوە دیاریکراوە.
ڕوبینا دەشڵێت، "ستەمێکی گەورە لە پێکهاتەکان کراوە بۆیە دەخوازین لە 20ـی 10 هەڵبژاردن بکرێت، سەبارەت بە درێژکردنەوەی وادەی تۆمارکردنی لایەنە سیاسییەکان و کاندیداکان گوتی: سەبارەت بە ئێمە هیچ لارییەکمنا نییە وادەی تۆمارکردن درێژ بکرێتەوە یان نا."
دەشڵێت: "ئێمە بەشداری هەڵبژاردن دەکەین و کاندیدیشمان بۆ خۆ بەربژێرکردنی پەرلەمانی کوردستان هەیە، بۆ ئەوەی ئێمە نوێنەری ڕاستەقینەی خۆمان بنێرینە پەرلەمان تاوەکو یاسایی هەڵبژاردن هەموار بکرێتەوە، مافی هەمو پێکهاتەکانی کوردستان تێیدا دیاری بکرێت".
ئەو پەرلەمانتارەی پێشوو ڕاشیگەیاند، هەڵبژاردنەکە بەدڵی ئێمە نییە و بەنیازیش نەبووین بەشدار بین، بەڵام بۆ ئەوە بەشدار دەبین تاوەکو "سریان، کلدان و ئاشووری" نوێنەرایەتییان هەبێت. گوتیشی: "سەرۆک بارزانی، تاکە کەس بووە پشتگیری لە پێکهاتەکان کردووە بەتایبەت گەلی کریستیان، بۆیە داوا لە کریستیانەکان دەکەم بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن".
ڕۆژی 26ـی حوزەیرانی 2024 دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسوومێکی هەرێمیدا، ڕۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی 2024ی بۆ وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری کردووە.
لەلایەن خۆیەوە، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئامادەین لەو وادەیەی کە ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیاری کردووە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە ببەین.
پارتی دیموکراتی کوردستان وەک یەکەم لایەنی سیاسیی، وەڵامی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی دایەوە و ئامادەیی خۆی نیشان دا بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردن و دەست پێ کردنی ئامادەکارییەکانیشی بۆ ئەو هەڵبژاردنە ڕاگەیاند.
هاوکات ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، حکوومەتی عێراق، یونامی و یەکێتیی ئەورووپاش پێشوازییان لە دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە لایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە کرد و پشتیوانیی خۆیان بۆ کۆمیسیۆن و سەرکەوتنی پرۆسەکە ڕاگەیاند.
هاوکات سەرۆک بارزانی، لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، بەبۆنەی دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 20ـی ئۆکتۆبەری 2024، دەستخۆشیی لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەکەم.
سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە، پاڵپشتیی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی بێگەرد و دوور لە دەستوەردان دەکەین.
هاوکات گوتیشی: خوازیارین لایەنە سیاسییەکان بە ڕەچاوکردنی دۆخی هەرێمی کوردستان، بە بەرپرسیارێتییەوە هاوکار بن بۆ سەرخستنی پرۆسەیەکی دیموکراسییانە و پاراستنی سەقامگیری و پێکەوەژیان.