گۆرانکاری لە پۆستی فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک دەکرێت

لیوا کاوە غەریب و عەمید فەتاح خەفاجی
لیوا کاوە غەریب و عەمید فەتاح خەفاجی

K24 – کەرکووک:

بەهۆی تەواوبوونی تەمەنی یاسایی خزمەتکردن، بڕیارە هەفتەی داهاتوو لیوا کاوە غەریب، فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک خانەنشین بکرێت و لەبری ئەو فەتاح خەفاجی بە وەکالەت پۆستەکە وەردەگرێت.

لەوبارەیەوە لیوا کاوە غەریب، فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هەفتەی داهاتوو کۆتا وادەی کارکردنم دەبێت وەکو فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک و خانەنشین دەبم بەڵام لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کراوە بۆ ماوەی ساڵێک ماوەی خزمەتکردنم درێژبکرێتەوە بەڵام تاوەکوو ئێستا سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری لەسەر نەداوە.

ئەگەر لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕەزامەندی لەسەر ئەو داوایەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق نەدات، ڕۆژی دووشەممە (1ـی تەمموزی 2024) عەمید فەتاح خەفاجی کە بەنەتەوە عەرەبە بە وەکالەت لە جێگەی لیوا کاوە غەریب پۆستی فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک وەردەگرێت.

پۆستی فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک پشکی کوردە و بە ڕێککەوتن لە نێوان پێکهاتەکانی کەرکووک دابەشکراوە.

Fly Erbil Advertisment