پزیشکێکی هەولێر: سەدا 40ـی چارەخوازەکانمان خەڵکی ناوەڕاست و باشووری عێراقن

K24 – هەولێر:
ماوەی چەند ساڵێكە بەشێكی زۆر لە دانیشتووانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بۆ چارەکردنی نەخۆشییەكانیان ڕوو لە نەخۆشخانە و نۆرینگە تەندروستییەكانی هەرێمی کوردستان دەكەن، جگە لەوەی زۆرینەی گەشتیارە عەرەبەکان سەردانی شارەکانی هەرێم دەکەن، هاوکات بۆ چارەی کێشە تەندروستییەکانیشیان ڕوو لە نەخۆشخانە و نۆرینگەکانی هەرێم دەکەن.
هاتنی نەخۆشی عەرەب بۆ هەرێم چەند ڕەهەندێكی كۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری و تەندروستی هەیە و بووەتە هۆی پێشکەوتنی کەرتی گەشتیاری و پزیشكی لە هەرێمی کوردستان.
بڕیار سەعید، پزیشکی ڕاهێنراو لە ڕاستکردنەوەی ددان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، 40%ـی چارەخوازەکانمان لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە دێن، ئەو چارەخوازە بیانییانەی کە سەردانمان دەکەن پێمان دەڵێن ئاستی پزیشکی لە هەرێمی کوردستان هاوتای وڵاتە پێشکەوتووەکانە و باشتریشە، هەم لە ڕووی نرخیشەوە گونجاوترە.
ئەگەر چی ساڵانە دەیان کەس لە هەرێمی کوردستانەوە سەردانی دەرەوەی وڵات دەکەن بە مەبەستی چارەسەر لەم ساڵانەی دوایدا ڕێژەیەکی زۆر لە دەرەوەی وڵات سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن، ئەمەش واتە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان گەیشتوونەتە ئاستێکی بەرزتری کوالێتی و خزمەتگوزاریی.