سۆران خەڵەف: سلێمانی گیرۆدەی هەڵسوکەوت و کردەوەکانی پەکەکە بووە

سۆران خەڵەف، چاودێری سیاسی
سۆران خەڵەف، چاودێری سیاسی

چاودێرێکی سیاسی ئاماژە بەوە دەکات کە شاری سلێمانی گیرۆدەی هەڵسوکەوت و کردەوەکانی پەکەکە بووە، دەشڵێت، هەر لەبەر پەکەکە فڕۆکەخانەی سلێمانی وەک گەراجی لێهاتووە لەبری ئەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی و گەشتیاریی تێدا بکرێت.

دووشەممە (1ـی تەممووزی 2024)، سۆران خەڵەف چاودێری سیاسی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کردەوەکانی پەکەکە مایەی نیگەرانی زۆرن بۆ خەڵکی کوردستان و ئەوانەی کاری بازرگانی دەکەن لەگەڵ بیانییەکانیش کە کاری وەبەرهێنان و بازرگانیی لە کوردستان دەکەن، ئەو چاودێرە گوتی، کردەوەکانی پەکەکە بوونەتە هۆی لەناوبردنی سەر و ماڵی خەڵکی، کشتوکاڵ و ماڵیان سووتاوە و لەناوبردراوە، بێ کار و و حاڵ بوون، دەڵێت، پەکەکە مەترسییە بۆ سەر تەواوی خەڵکی کوردستان.

سۆران خەڵەف تیشکی خستە سەر لێدوانەکانی گوتەبێژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و گوتی، خۆیان دان بە بەشداریی خەڵکێکی خۆیان لە کردەوەکان دادەنێن، دەڵێت، ئەوان چوونەتە ژێر کاریگەری لایەنێکی تیرۆریستی، لێدان لە ئابووری کوردستان، لێدانە لە بەرژەوەندییەکانی کوردستان و جوانییەکانی،  لەگەڵ ئەوەی کوردستان بەرهەمی قوربانییەکانی چەندین ساڵی خەڵکی کوردستانە.

گوتی، پەکەکە نابێ کوردستان بکاتە مەیدانی ئاژاوە، چونکە سلێمانی گیرۆدەی هەڵسوکەوت و کردەوەکانی پەکەکە بووە، فڕۆکەخانەی سلێمانی وەک گەراجێکی لێهاتووە لەبری ئەوەی کاری ئاڵوگۆڕیی بازرگانیی و گەشتیارانی لێ بکرێت.

ئەو چاودێرە ئاماژەی بەوە کرد کە، سەرۆک بارزانی دووپاتی دکردووەتەوە شەڕی کورد و کورد جارێکی دیکە دروست نابێتەوە، بۆیە ئەو خەیاڵەی ئەوان دەیکەن بۆ دروستکردنی شەڕێکی ناوخۆ خەیاڵێکی خاوە، لەبەرامبەر ئەوەدا مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و تیمەکەی هەر رۆژێ لە شارێک و شارۆچکەیەک و ناوچەیەکە و پرۆژەی گەورە و بچووک دەکاتەوە، سەرۆکی حکوومەت کار لەسەر ئەوە دەکات چۆن جارێکی دیکە خەڵکی کوردستان ببووژێتەوە.

دەشڵێت، خەڵکی سلێمانی نیگەرانن، دوکاندارانی سلێمانی بابەتە گرانبەهاکانیان دەبەنە ماڵەوە لە ترسی سووتان، چونکە سووتاندن بووەتە کلتوور لەو ناوچەیە.

گوتی، پەکەکە وا هەست دەکات خەڵکی کوردستان پەیوەندییەکی ناڕاستەخۆی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، نازانێت حکوومەت زادەی خەڵکی ڕاستەقینەی کوردستانە، تیشکی خستە سەر ئەوەی پەکەکە سەرانە لە خەڵک وەردەگرن لە مەڕ و ماڵات و گەنم و جۆ، جگەلە تیرۆر و ناشرین کردنی کوردستان، گوتی، ئەوەی پەکەکە دەیکات، لێدانە لە ژیانی ئەو خێزانانەی لەو ناوچانە دەژین، ئاشکرای کرد کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەندین پلانی لەو شێوەی پوچەڵ کردووەتەوە و بەرهەمی زیاتر بووە و شارەکانی ئاوەدانتر کردووەتەوە.

شرۆڤەکارێکی سیاسی ئاماژە بەوە دەکات، ئەوەی پەکەکە  دەیکات، ئامانجیان لێدانە لە ئابووری هەرێمی کوردستان.

دووشەممە (1ـی تەممووزی 2024)،بەدرخان زاوێتەیی شرۆڤەکاری سیاسی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، زۆر ناخهەژێنە ئازاری کورد بەدەستی ناوخۆی بێت، دەڵێت، نازانین ئامانجەکانی پشتی ئەو کردەوانە چییە، پێشی وایە کارەکانیان پیلانگێڕیییە بەرامبەر کەسێکی کاسبکار کە ماوەی مانگێک هەوڵ دەدات بژێوی خۆی و منداڵەکانی دابین بکات، گوتی، ئەو ڕەفتارەی پەکەکە دەیکات دەچێتە چوارچێوەی تیرۆر.

زاوێتەی گوتی، ئەو کردەوانەی پەکەکە دەیکات یەکەمجار نییە، بەتایبەت لە سەرەتای کابینەی نۆیەم کە جێگری کونسوڵی تورکیایان لە هەولێر کوشت، هەروەها دوو جار بۆری نەوتی کوردستانیان تەقاندەوە بۆ لێدان لە ئابووری کوردستان، ئەو پێی وابوو پەکەکە ئامرازێکە بۆ دروستکردنی قەیران، هاوکات دەرفەت لە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەبینێ بۆ دروستکردنی کێشە و ئاڵۆزیی.

ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە بەشدارە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقیش پێویستە وەڵامی ئەوە بداتەوە بۆ  ئەو کارەی کردووە و کێی لە پشتەوە بووە و ئامانجی چی بووە، دەشڵێت، لە هەڵبژاردن وەڵامی ئەو کردەوانە دەدرێتەوە.

دووشەممە، 01-07-2024، میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ و شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق  لە کۆنفرانسێکی ڕۆژانەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، تۆڕێکی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و دوو کەسی سەر بە یەکەی 70ـی هێزەکانی پێشمەرگە و دژە تیرۆری سلێمانی، لە پشت هەموو ئەو ئاگرانەوە بوون کە لە ماوەی ڕابردوودا لە بازاڕەکانی کەرکووک و هەرێمی کوردستان کەوتوونەتەوە.

وەکو ئەوەی میقداد میری ڕوونی کردەوە، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانیدا کە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان کردوویانن، دەرکەوتووە، ئامانجی ئەو کەسانە لە سووتاندنی  بازاڕی قەیسەریی کەرکووک، بازاڕی قەیسەریی هەولێر، بازاڕی لەنگەی هەولێر، بازاڕی چەلێی دهۆک و چەندین شوێنی دیکە لە هەرێمی کوردستان، لاوازکردنی ئابووریی ئەو پارێزگایانە بووە، چونکە ئاگرەکان زیاتر لە 300 ملیۆن دۆلار زیانی ئابوورییان هەبووە، هەروەها ئامانجێکی دیکە، تێکدانی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بووە.

وەکو ئەوەی گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق باسی کرد، ئەو گرووپە ی بازاڕی لەنگەی هەولێر، کۆگایەک لە قوشتەپە، بازاڕی لەنگە بۆ جاری دووەم، بازاڕی قەیسەریی هەولێر، بازاڕی چەلێ لە دهۆک و چەندین دووکان و شوێنی دیکە لە ماوەی کۆتایی ساڵی 2023 و ناوەڕاستی 2024 یان سووتاندووە.

میری لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەی خستەڕوو، لە کاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکان، دەستیان بەسەر ژمارەیەک ماددەی کیمیاییدا گرتووە کە هاوکاربوونە لەگەڵیان بۆ سووتاندنی بازاڕ و مۆڵەکان لە هەرێمی کوردستان، ڕوونیشی کردەوە، "ئامانجێکی دیکەی تۆڕەکەی سەر بە پەکەکە و یەکەی 70 و دژە تیرۆری سلێمانی، تەقاندنەوەی بۆڕی نەوتی جیهان بووە کە کەرکووک بە تورکیاوە دەبەستێتەوە".

Fly Erbil Advertisment