سەرۆک بارزانی لە بەغدا پێشوازیی لە باڵیۆزی چین لە عێراق دەکات

K24 - هەولێر:
سەرۆک بارزانی لە بەغدا لەگەڵ باڵیۆزی چین کۆ بووەوە و ئاماژەی بە نیازی سەردانەکەی بۆ بەغدا کرد.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی تەممووزی 2024، لە شاری بەغدا سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازیی لە تسوی وی، باڵیۆزی چین لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا، تیشک خرایە سەر بارودۆخی سیاسیی عێراق و سەرۆک بارزانی، هۆکانی سەردانەکەی بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی عێراقی خستە ڕوو و ڕایگەیاند کە نیەتی چارەکردنی کێشەکانی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی عێراقی فیدراڵ دەبیندرێت و بە دەرفەتێکی باشی لەقەڵەم دا بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکان و ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییە نیشتیمانیەکان.
هەر لەو دیدارەدا، باڵیۆزی چین خۆشحاڵیی خۆی بۆ سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا نیشان دا و پشتیوانیی وڵاتەکەشی بۆ چارەکرانی گرفتەکانی نێوان هەولێر و بەغدا ڕاگەیاند. هەروەها خۆشحاڵیی خۆشی بۆ دیاریکردنی کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستان دەربڕی.
پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی چین لە بوارە جیاجیاکان تەوەری تری ئەو کۆبوونەوەیە بوو.