سەرۆک بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ئێران لە عێراق دەکات

K24 – هەولێر:
سەرۆک بارزانی لە بەغدا لەگەڵ باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق کۆبووە و پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوولا و دۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
ڕۆژی پێنجشەممە (4ـی تەمموزی 2024) لە شاری بەغدا، سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز محەمەد کازم ئال سادق، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق کرد.
بارەگای بارزانی بڵاوی کردووەتەوە: لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرا و سەرۆک بارزانی ئامانج و هۆکارەکانی سەردانی بۆ بەغدا خستەڕوو.
هەر لەو دیدارەدا باڵیۆزی ئێران لە عێراق ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی بە بایەخەوە سەیری سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا دەکات و پشتیوانیەتی. هیواشی خواست ئەنجامی ئەرێنی لەم سەردانە بکەوێتەوە و کار بەو ڕێککەوتنانە بکرێت کە لەنێوان لایەنە عێراقییەکاندا هەیە.
لە کۆبوونەوەکەدا، پەیوەندییە دووقۆڵییەکان تەوەری تری ئەو دیدارە بوو.
