فەهمی بورهان: تەعریب بە نەرمیی بەردەوامە

سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، تەعریب بە نەرمیی بەردەوامە، هەموو ئەو هەوڵانەش لایەن و هێزە سیاسییەکانی کوردستان یەک ڕیز و یەک ماڵ ناکات.
یەکشەممە 7ـی تەممووزی 2024، فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لەبارەی دروستکردنی مۆنۆمێنتی تۆبزاوە بۆ کوردستان24 ئاماژە بەوە دەکات، دروستکردنی مۆنۆمێنتێک بۆ تۆپزاوە و ئەنفال دەکەوێتە خوارووی کەرکووک و دەڵێت، دروستکردنی ئەو مۆنۆمێنتە بۆ کوردستان گرنگ و جێی بایەخە، چونکە نیشانەی ئەو زوڵم و ستەمەیە کە لە گەلی کوردستان کراوە، ئەنفالکراوان لە تۆپزاوە بۆ ئەنفالکردن دابەشکران.
فەهمی بورهان دەڵێت، ئێمە پشتیوانیی لە دروستکردنی مۆنۆمێنتەکە دەکەین و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی خۆیدا ڕەزامەندی لەسەر داوە، پێمان وایە مۆنۆمێنەتەکە شایستەی هەموو ئەو زوڵم و ستەمەیە کە لەگەلی کوردستان کراوە، گوتی، ئێمە بە هاوبەشی ڕێکخراوەکانی تایبەت بە جینۆساید و هونەرمەندان کارمان بۆ دروستکردنی مۆنۆمێنتەکە کردووە، بەڵام ئێستا لە هەوڵداین حکوومەتی عێراق ڕەزامەندبێت، چونکە ئەوان دەیانەوێت سەربازگەیەک لە شوێنی مۆنۆمێنتەکە دروست بکەن.
سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، حکوومەتی عێراق بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەستییان بە دروستکردنی سەربازگەکە کردووە، دەڵێت، کە چوومە سەر مەزاری ئەنفالکراوان، بە بازگەیەکی سەربازانی عێراقی تێپەڕین بۆ چوونە سەر مەزاری شەهیدانی خۆمان، دەشڵێت، پێمان سەیر نییە حکوومەتی عێراق ڕێگریی لە دروستکردنی ئەو مۆنۆمێنتەکە بکات کە گوزارشت لەو زوڵم و ستەمە دەکات کە لەگەلی کوردستان کراوە، پێی وایە تەعریب زۆر بە نەرمی کاری خۆی دەکات و بەردەوامە، ناهێڵن شەقامی کوردی ئاگاداری ئەو هەوڵە بێت، دەڵێت، ئەوان ڕێگە بە ئێمە نادەن مۆنۆمێنت دروست بکەین، وەک ئەوەی حکوومەتی بەعس ئەنفالی کردین.
گوتی، هەر پارتێک بە ئاستی خۆی بەپرسیاریەتی لەسەرە بەرامبەر ناوچە کوردستانییەکان، دەڵێت، بۆچی دەبێت مەترسییەکانی تەعریب یەکمان نەخات، ئومێدی کرد حکوومەتی عێراقی بەرنامە ڕێژی بۆ ئەوە نەکردبێت.