ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە بەشداریی هەموو لایەنەکان کۆ دەبێتەوە

هۆڵی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک (وێنە: هێمن دەلۆ - کوردستان24)
هۆڵی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک (وێنە: هێمن دەلۆ - کوردستان24)

داوی زیاتر لە هەشت مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکە بە بەشداریی هەموو لایەنە سیاسییەکان دەکرێت.  

بڕیارە دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11-07-2024، یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دوای هەڵبژاردنەکانی کۆتایی ساڵی ڕابردووی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق؛ لەسەر داوای محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ بەڕێوە بچێت.

سەرجەم ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە کراون

مەروان عانی، بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی پارێزگای کەرکووک بە هێمن دەلۆ، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "سەرجەم ئامادەکارییەکانمان بۆ بەڕێوەچوونی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک تەواو کردووە کە بڕیارە کاتژمێر 02:00ـی دوای نیوەڕۆ بەڕێوە بچێت".

بە گوتەی مەروان عانی، "بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە کە چاوەڕێ دەکرێت هەموو لایەنە سیاسییەکان تێیدا بەشدار بن، هەنگاوێکی گرنگە بۆ چارەکردنی کێشەکان، هەڵبژاردنی حکوومەتی نوێی خۆجێیی کەرکووک و دابەشکردنی پۆستەکان".

وەکو ئەوەی بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی پارێزگای کەرکووک دووپاتی کردەوە،  "هاووڵاتییانی شارەکە چاوەڕێی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی خۆجێیی دەکەن و داوای خزمەتگوزارییە گشتییەکان دەکەن".  

ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لە 16 ئەندام پێک دێت و بۆ ئەوەی کۆبوونەکە بکرێت، پێویستى بە ئامادەبوونی زۆرینەى سادەیە کە نۆ ئەندامە.

فراکسیۆنی پارتی: بەشداریی کۆبوونەوەکە دەکەین

حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە  کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "ئێمە وەکو پارتی بەشداریی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەکەین و ئەوەی پێمان گوتراوە، کۆدەنگییەک هەیە، بۆ ئەوەی لایەنەکانی دیکەش بەشداریی بکەن". 

بە گوتەی حەسەن مەجید، لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی پارێزگا، سەرۆک و جێگری ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵنابژێردرێن و تەنها "شەرعییەتدانە بە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و بەڕێوەبردنی یەکەم کۆبوونەوە، نەک زیاتر".

لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێی کەرکووکیش، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گوتی، "تاوەکو ئێستا لایەنە سیاسییەکان لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی پارێزگاکە و هەڵبژاردنی پارێزگار ڕێک نەکەوتوون". گوتیشی، "چەند پێشنیازێک بۆ چارەکردنی کێشەکە خراونەتەڕوو، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ یەکێکیان پەسەند نەکراوە".

بە گوێرەی یاسا، دوای بەڕێوەچوونی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا؛ ماوەی مانگێک مۆڵەت دەدرێتە لایەنە سیاسییەکان تاوەکوو لەسەر هەڵبژاردنی پارێزگار، سەرۆکی ئەنجوومەن و جێگرەکانی ڕێک بکەون.

ڕۆژی چوارشەممە، 10-07-2024، ڕاکان جبوورى، پارێزگارى بە وەکالەتی کەرکووک وەک ئەندامى ئەنجوومەنی پارێزگاکە لە دادگە سوێندى یاسایی خوارد و بڕیارە سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی پارێزگا بکات بەو پێیەی بە تەمەنترین ئەندامی ئەنجوومەنەکەیە.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئەوەی خستەڕوو، ڕاکان جبووری پارێزگاری کاربەڕێکەری کەرکووك دەبێت لە ماوەی ئەو مانگەی لایەنە سیاسییەکان گفتوگۆ لەسەر هەڵبژاردنی پارێزگارێکی نوێ، سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنەکە و جێگرانی دەکەن.

ڕۆژانی 16 و 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و 14 پارێزگای دیکەی عێراق بەڕێوە چوو.

کۆی گشتیی ژمارەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک 16 کورسین و ژمارەی کورسیی لایەنەکانیش لە دوایین هەڵبژاردن، بەم شێوەیە بوو:

1. کورد: حەوت کورسی (یەکێتی پێنج و پارتیش دوو)

2. عەرەب: شەش کورسی

3. تورکمان: دوو کورسی

4. یەک کورسیش بۆ کۆتای کریستییان

Fly Erbil Advertisment