توێژینەوەیەک: خواردنی خێرا دەبێتە هۆی تەمەن کورتی

K24 – هەولێر:
توێژینەوەیەکی نوێ دەربارەی خواردنی خێرا لای بە تەمەنەکان ئاماژە بەوە دەکات کە یەکێکە لە هۆکارەکانی کورتی تەمەنیان، لەگەڵ ئەوەشدا، زۆربەی بە تەمەنەکانی هەرێمی کوردستان حەز بە خوارنە خێراکان ناکەن و خواستیان لەسەر خواردنی ئامادەکراوی ماڵەوەیە.
توێژینەوەیەکی نوێ ئاماژە بەوە دەکات ئەو کەسانەی بە تەمەنن ئەو خۆراکانە دەخۆن کە دەوڵەمەندن بە گۆشتی پرۆسەکراو و خواردنە خێراکان و خواردنەوە گازییەکان تەمەنیان کورتتردەبێت، بەراورد بەو کەسانەی کە خۆراک و ژەمی هاوسەنگیان هەیە.
ئەو توێژینەوەیە لەلایەن پەیمانگەی نەتەوەیی شێرپەنجەی ئەمەریکای تایبەت بە نەریتەکانی خواردن ئەنجامدراوە، زیاتر لە نیو ملیۆن کەس بەشدارییان تێیدا کردووە، کە تەمەنیان لە نێوان 50 بۆ 71 ساڵدایە، دەرکەوتووە کە ئەو خۆراکانە کاریگەری خراپیان لەسەر تەندروستی و تەمەن درێژییان هەیە.
بە گشتی لە هەرێمی کوردستان کەسانی بە تەمەن ئارەزووی خواردنی خێرا ناکەن، لەکاتێکدا لە زۆربەی وڵاتان بە یەکێک لە هۆکارەکانی خراپی تەندروستی کەسانی بەتەمەن دادەنرێت.
لە هەرێمی کوردستان ئەوکەسانەی کە تەمەنیان لەسەروو 50 ساڵە، بەدەگمەن نەبێت خواردنی خێرا ناخۆن ئەمەش بە شێوەیەکی ئەرێنی کاریگەری باشی دروست کردووە بەڵام لە بەرامبەردا سیستمی خواردنی ماڵەوەشیان ڕێک نییە و دووبارە کاریگەری خراپی لەسەر تەندروستییان جێهێشتووە.
خالید محەممەد هاووڵاتییەکی خانەنشینە بۆ نیان بارزانی پەیامنێری کوردستان24 قسەی کرد و باوەڕی وابوو، خواردنی نیسکێنەیەک لە ماڵەوە لە خواردنی فەلافل و گەسی دەرەوە باشترە، ئەو هاووڵاتییە دەشڵێت: خواردنی ناوسێلییەک لە خواردنی پییزایەکی ئیتالی باشترە.
هاوکات هاووڵاتییەکی دیکە بەناوی محێدین محەممەد دەڵێت: خواردنی دەرەوە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر تەندروستی دروست دەکات، ئەو ئاماژەی بەوەش کرد: زۆر جار خواردنی دەرەوە تووشی سکچوونی دەکات.
بەپێی هەندێک توێژینەوەی نوێ، ڕێژەی 83%ـی خەڵک خواردنە خێراکان دەخۆن، کە لە تەمەنێکی گەنجەوە کاریگەرییان لەسەر دروست دەکات و لە داهاتوودا کاریگەرییە نەرێنییەکانی دەردەکەوێت بەڵام پسپۆڕان ئاماژە بەوەش دەکەن، خواردنە کوردەوارییەکانیش لە زۆر بارودۆخدا هەمان زیانی خواردنە خێراکانیان هەیە و کەسانی بە تەمەن دەبێت بەپێی جۆری ژیان و نەخۆشی و سیستمی لەشیان، لیستێکی نوێی خواردنیان هەبێت و ئەمەش بۆ هەموو ئەوانەی تەمەنیان لە سەرووی 50 ساڵییەوەیە.
لەلایەن خۆیەوە، د.سیروان ئەحمەد، پسپۆری خۆراک بۆ کوردستان24 گوتی: کەسانی بە تەمەن بەهۆی کەمبوونەوەی چالاکی ڕۆژانەیان، کەمتر پێویستیان بە کالۆری هەیە، بۆیە گرنگە هەمەجۆری لە خواردنەکانیان هەبێت کە ڕێژەیەکی بەرچاو لە ڤایتامینەکان و فایبەر و ئاسن و بەها خۆراکییەکانی تێدا بێت.
عێراق و هەرێمی کوردستان لە لیستی ئەو وڵاتانەدا نین کە زۆرترین خواست و فرۆشتنی خواردنی خێرایان هەیە، بەڵام بە گشتی تێکڕای تەمەنی هاووڵاتییان دەگاتە 70 ساڵ، ئەمەش یەکێکە لە نیشانەکانی تەندروست نەبوونی کەسانی بە تەمەن.
هاوکات د. بەدر سوورچی، پسپۆڕی بواری خۆراک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە ماڵەوە بۆ بەتەمەنەکان نابێت خواردنی چەور و سوێر و سوورکراوەیان ئامادە بکرێت و نابێت هەموو جەمەکانی خواردنیشیان قوڕس بێت، بەڵکو دەبێت ڕەچاوی تەندروستییان بکرێت.
ئەو پسپۆڕەی بواری خۆراک ئاماژەی بەوەشکرد: جێی دڵخۆشییە کە کۆمەڵگەی کوردی تاوەکوو ئێستا ڕێز لە بەتەمەنەکانی دەگرێت و لە ماڵەوە خواردنیان بۆ ئامادە دەکرێت، ئەگەر ڕەچاوی جۆر و چۆنیەتی ئامادەکردنی خواردنەکەشیان بکرێت، ئەوا زۆر تەندروستترە.