سەرەڕای بەرزی پلەی گەرما دەیان هەزار زیارەتکاری شیعە سەردانی کەربەلا دەکەن

لە یادی عاشوورادا شیعە مەزهەبەکانی عێراق و زیارەتكارانی بیانی، بە پیادە رۆیشتن تاوەكو گەیشتنە مەزارگەی ئیمام حوسێن لە کەربەلا، شیعەکان پێیانوایە بۆ هەر هەنگاوێک خێر و حەسەناتیان بۆ دەنووسرێت. ئەمساڵیش ھاوشێوەی ساڵانی پێشوو ژمارەیەکی ئێجگار زۆر لە کەسانی شیعە مەزهەب بۆ بەشداریکردن لەم رێورەسمە سەردانی شاری کەربەلایان كردووە.
سەدان هەزار پەیڕەوی شیعە مەزهەب بە پۆشینی جلوبەرگی رەش، سنگ کوتان و گوتنەوەی سرووتی ئایینی لە کەربەلا یادی عاشوورایان کردەوە، لەژێر ئەو خۆرە بەتین و گەرمایەشدا، كە پلەی گەرما نزیكەی 50 پلەی سیلیزی بوو، شەقام و کۆڵانەکانی کەربەلا پڕ بوون لە کەسانی شیعە مەزهەب.
زیارەتكارێک دەڵێت، "بۆ زیارەتی ئیمام حوسێن هەست بە کاریگەرییەکانی کەش و هەوا ناکەین، جا گەرمای هاوین بێت یان سەرمای زستان، پلەکانی گەرما بەرزە 45 بۆ 50 پلەیە، بەڵام ئەمە بۆ زیارەتكاران نابێتە بەربەست، خەڵکی لە پارێزگا و وڵاتانی دیکەوە ھاتوون. لە هیچ بارودۆخێکدا زیارەتی ئیمام حوسێن لەدەست نادەین".
لەو یادەدا ژمارەیەکی زۆر لە پەیڕەوانی شیعە مەزهەب لە ئێران و وڵاتانی دیكە بەرە و کەربەلا دەچن و بەشداریی رێوڕەسمەکە دەکەن و ماتەم دەگێڕن، ئەوان پێیانوایە لەو رۆژەدا ئیمام حوسێن و ژمارەیەک لە کەسوکار و یاوەرانی لە شەڕی کەربەلا شەھید كراون.
زیارەتكارێکی ئێرانی گوتی: "ئێمە لە تارانەوە ھاتووین، پلەی گەرما لە دەوروبەری 40 بۆ 50 پلەدایە، تەنانەت ئەگەر بگاتە 100 پلەش، خەڵکی لە خۆشەویستیان بۆ ئیمام حوسێن هەر دێن".
عاشوورا بە 10ی مانگی موحەڕەم، یەکەمین مانگی رۆژ ژمێری کۆچی دەگوترێت و لەلای شیعەکان بە رۆژی ماتەمینی دادەنرێت، بەگوێرەی بەڵگەنامەکانی شیعەکان، لەم رۆژەدا ئیمام حوسێن، کوڕی ئیمام عەلی، بە فەرمانی یەزیدی کوڕی معاویە لە کەربەلا لەگەڵ 73 کەس لە یاوەرانی شەهید کراوە.