تۆڕێكی گەورەی قاچاخچی، بە تۆمەتی گواستنەوەی کۆچبەرانی کورد سزا درا

دادگایەكی بەریتانیا تۆڕێكی گەورەی قاچاخچی بە تۆمەتی گواستنەوەی سەدان کۆچبەری کوردی باشووری كوردستان بۆ بەریتانیا، سزا دەدات.
دادگایەكی شاری نیوکاسڵ لە بەریتانیا شەش كەسی بە تۆمەتی قاچاخچێتی و گواستنەوەی نایاسایی سەدان کۆچبەری کوردی هەرێمی كوردستان بۆ بەریتانیا، سزا دا، بەڵام ئاماژە بە جۆری سزاكە نەدراوە.
ئاژانسی نیشتمانی تاوان لە بەریتانیا، بڵاوی كردەوە، شەش تۆمەتبارەکە، كە كوردیشیان تێدایە، بە ناوەكانی محەممەد زادە، پارێز عەبدوڵڵا، خالید مەحموود، بێستون ساڵح و گۆربرێت سینگ و ماریك سوشانیچ، بەشێک بوون لە تۆڕێکی بازرگانیی بە مرۆڤەوە كە بنکەکەیان لە شاری تیسایدی بەریتانیا بووە. پێشتر لەساڵی 2017 لەبەرامبەر وەرگرتنی 5 هەزار تا 10 هەزار پاوەند چەندان كەسیان بە قاچاخ بۆ بەریتانیا گواستووەتەوە.
تاوانباران، بەشێوەیەكی نایاسایی لە ئوتۆمبێل و بارهەڵگرەكاندا، چەندان كۆچبەریان بۆ بەریتانیا گواستووەتەوە. كۆچبەرەكان لە وڵاتانی فەرەنسا، بەلجیکا و هۆڵەنداوە هەڵگیراون و ئاودیوی بەریتانیا كراون.
پێشتریش لەساڵی 2018 ئاژانسەكە بڵاوی كردبووەوە، لە ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی دژی تۆڕێکی گومانلێکراوی تاوان، 21 گومانلێکراوی بە ڕەگەز کورد و تۆمەتبار بە گواستنەوەی نایاسایی سەدان کوردی باشووری كوردستان لە بەریتانیا، دەستگیر كراون.