دەروازە سنوورییەکانی عێراق – ئێران جمەیان دێت لە زیارەتکاران

دەروازەی سنووری مێهران - زرباتییە لە نێوان ڕۆژهەڵاتی کوردستان و عێراق
دەروازەی سنووری مێهران - زرباتییە لە نێوان ڕۆژهەڵاتی کوردستان و عێراق

لە سێزدە ڕۆژی ڕابردووی مانگی موحەڕەمی ساڵی 1406ی کۆچی، زیاتر لە 217 هەزار زیارەتکاری شیعە مەزهەب لە دەروازەی سنووری زڕباتییە – مێهرانی نیوان عێراق و ئێران، بەبۆنەی مانگی موحەڕەمەوە هاموشۆیان کردووە و ئێستاش بۆ گەڕاندنەوەی زیارەتکارن حکوومەتی ئێران زیاتر لە 100 پاسی لە دەروازە سنوورییەکە ڕاگرتووە.

سەید زاهیدین چەشمەخاوەر، بەڕێوەبەری گشتیی گواستنەوە و ڕێگاوبانەکانی پارێزگای ئیلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە ئاژانسی تەسنیمی ڕاگەیاندووە: لە سەرەتای مانگی موحەڕەمەوە تاوەکوو ئێستە 217 هەزارو  529 زیارەتکار بە درێژایی 24 کاتژمێر شەو و ڕۆژ، لە دەروازی مێهرانەوە چوونەتە عێراق بۆ زیارەتکردنی شوێنە پیرۆزەکان و بەشێکیشیان گەڕاونەتەوە.

چەشمەخاوەر ئاماژەی داوە: تەنیا لە 24 کاتژمێری ڕابردوو جووڵەی 33 هەزارو 247 کەس لەو دەروازە سنوورییە تۆمارکراوە، کە 30 هەزار و 905 کەس لە زیارەتکاران گەڕاونەتەوە ئێران و دوو هەزار 342 زیارەتکاری دیکەش چوونەتە عێراق.

هەروەها ڕایگەیاندووە بۆ پێشوازیی لە گەڕانەوەی زیارەتکاران 100 پاسیان لە دەوازەی سنووری مێهران ڕاگرتووە بۆ ئەوەی زیارەتکاران بۆ زێدی خۆیان بگوازنەوە.

دەوازەی سنووری مێهران، لە دیوی پارێزگای ئیلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاوسنوورە لەگەڵ دەروازەی زڕباتییە لە دیوی عێراق یەکێکە لە دەروازە سەرەکییەکانی ساڵانە زیارەتکارانی شیعە لەوێوە ئاویوی عێراق دەبن و دەچنە نەجەف و کەربەلا.

هەروەها بەگوێرەی تۆمار و ئامارەکانی ساڵی ڕابردوو تەنیا لە دەروازەی مێهران زیاتر لە سێ ملیۆن و 600 هەزار زیارەتکاری شیعە مەزهەب چوونەتە عێراق، بۆ ئەم ساڵیش پێشبینی هاموشۆی چوار ملیۆن زیارەتکار لەو دەوازە سنوورییە دەکرێت.

Fly Erbil Advertisment