کشانەوەی جۆو بایدن ناوماڵی دیموکراتەکانی شڵەژاندووە

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا (وێنە: AFP)
جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا (وێنە: AFP)

کشانەوەی جۆو بایدن لە کێبرکێی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی شڵەژانی لە ناو پارتی دیموکراتەکان دروست کردووە، بڕيارە ئەو پارتە مانگی داهاتوو کۆنگرە بۆ دیاریکردنی جێگرەوەی بایدن بکات، چەند کەسێکیش چاویان لەپۆستەکەیە لەوانەش، کامالا هاریس، میشێل ئۆباما و گاڤین نیوسۆم حاکمی ویلایەتی کالیفۆرنیا.

سەرەنجام، جۆ بایدن، سەرۆکە تەمەن 81 ساڵەکە، بەرگەی گوشارەکانی نەگرت و بڕیاری کشانەوەی لە کێبرکێی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا دا. ئەمەش تەنها چوار مانگ بەر لەهەڵبژاردن دێت، هەروەها بایدن بەم بڕیارەی دۆخی دیموکراتەکانی خستووەتە ناو تەنگەبەرەوە، چونکە پێویستە لەماوەی مانگێدا کاندیدی جێگرەوەی بایدن دیاریی بکەن، چەند کەسێکیش چاویان بڕیوەتە ئەو پۆستە.

هەروەها دیموکراتەکان ئەزموونی دڵخۆشکەریان لەگەڵ کشانەوەی سەرۆک لە خۆکاندیکردنەوە نییە، بەو پێیە هەمان سیناریۆ لە ساڵی 1968 روویدا کاتێک سەرۆک لیندۆن جۆنسۆن لەپارتی دیموکراتەکان ڕایگەیاند، خۆی کاندید ناکاتەوە، بەوهۆیەوە ئەو پارتە هەڵبژاردنەکانی بەرامبەر کۆمارییەکان دۆڕاند.

سیناریۆکانی دوای کشانەوەی بایدن بەم شێوەیەیە، دیموکراتەکان لە 19ـی مانگی داهاتوو کۆنگرەی خۆیان دەبەستن و لەوێ جێگرەوەی بایدن دیاریی دەکەن.

بڕیارە لە کۆنگرەکەدا نزیکەی سێ هەزار ئەندام و بەرپرسی دیموکراتەکان بەشداریی بکەن، هەرکەسێک خواستی بوون بە کاندیدی هەبێت پێویستە ٣٠٠ ئیمزا کۆ بکاتەوە. دیاریکردنی کاندیدی کۆتایی دیموکراتەکان پێویستی بە 1976 دەنگ هەیە. چەند کەسایەتییەک چاویان لەو پۆستەیە لەوانەش کامالا هاریس، هاریس بەهۆی پشتیوانییەکانی بایدنەوە چانسی بەهێزە بۆ کاندید بوون، هەروەها زۆرینەی پارەی کامپەینی سەرۆکایەتیی لەبەردەستدایە کە بڕەکەی 270 ملیۆن دۆلارە، بەڵام هێشتا بەشێک لە دیموکراتەکان بە لاواز ناوی دەبەن و کاندیدبوونی گرەنتیکراو نییە.

هاوکات، هەریەکە لە گاڤین نیوسۆم حاکمی ویلایەتی کالیفۆڕنیا، میشێل ئۆباما هاوسەری سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا باراک ئۆباما، گرێچن وایتمێر حاکمی ویلایەتی میشیگن و جۆش شاپیرۆ حاکمی ویلایەتی پێنسلڤانیا وەک جێگرەوەی بایدن ناویان دەهێنرێت.  ئەوەی ئێستا ڕوونە دیموکراتەکان لەدۆخێکی شڵەژاودان و ڕەنگە ئەمەش ببێتە هۆی لەدەستدانی پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا هاوشێوەی 1968.

Fly Erbil Advertisment