کوێستان محەممەد: خوێندن باشترین شێوازی شیاندنەوەی سزادراوانە

کوێستان محەممەد وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ "لە چاکسازییەکاندا ناوەندی خوێندن هەیە و بەشێکە لە پلان و پرۆژەی شیاندنەوەی سزادراوان بۆ ئەوەی لە داهاتوودا تێکەڵ بە کۆمەڵگە بکرێنەوە. هەروەها ئەو سزادراوانەی دەخوێنن لە لایەنی هەڵسوکەوتەوە زۆر جیاوازترن لەوانەی ناخوێنن".
وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی گوتی: لە هەر شەش چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوام کاری چاکسازیی و شیاندنەوە بۆ سزادراوەکان دەکەین لە ڕێگەی پرۆسەی خوێندن و چالاکییەکانی وەرزشی بۆ ئەوەی لە داهاتوودا تێکەڵ بە کۆمەڵگەیان بکەینەوە.
گوتیشی: هەر سزادراوێک ئارەزووی خوێندنی هەبێت دەتوانێت بچێتەوە بەر خوێندن و پرۆسەکە لە پۆلی یەکی بنەڕەتییەوە تاوەکوو 12ی ئامادەیی بەردەوامە و دواتریش دەتوانێت بچێتە زانکۆکان، کە سوپاس بۆ هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا هەموو پێداویستی و پرۆگرامەکانی خوێندنیان بۆ ئەو سزادراوانە ئامادە کردووە کە نیازی خوێندنیان هەیە.
کوێستان محەممەد زیاتر ڕوونی کردەوە، وەزارەتی خوێندنی باڵا ساڵانە کورسی خوێندن بۆ سزادراوانی چاکسازییەکانی دابین دەکات و لە هەموو کرێیەکانی خوێندنیش دەیانبەخشێت، جیا لەمەش سزادراوان، دوای تەواوکردنی خوێندن بڕوانامەی فەرمیان پێ دەدرێت و دەتوانن لە دوای ئازادبوونیان لە بواری جیاوازدا کاریان دەست بکەوێت.
وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند، سزادراوان دوای تەواوکردن ماوەی سزاکانیان و ئازادبوونیان لەلایەن توێژەرانی کۆمەڵایەتیی چاکسازییەکانەوە بەردەوام سەردانیان دەکرێت و هاندەدرێن بۆ ئەوەی لە خوێندن، کارکردن و خۆ دروستکردنەوە بەردەوام بن، تاوەکوو نەگەڕێنەوە سەر کاری نایاسایی و تاوانکاریی، هەڵبەت ئەم پرۆژەیەش لەلایەن ڕێکخراوی یونیسێفەوە پشتیوانی دەکرێت.