سێنتکۆم: سێ مووشەکهاوێژی حوسییەکانمان لەناوبرد

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا "سێنتکۆم" ڕایگەیاند، هێزەکانیان سێ سەکۆی مووشەکییان لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حوسییەکان لە یەمەن لەناوبرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ـی تەمموزی 2024، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا "سێنتکۆم"، لە بەیاننامەیەکدا لەسەر پلاتفۆرمی "X" ڕایگەیاند، لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا هێزەکانمان سەرکەوتوو بوون لە لەناوبردنی سێ مووشەکهاوێژ لە ناوچەیەکی یەمەن، کە لەلایەن حوسییەکانەوە کۆنترۆڵکرابوو.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم مووشەکهەڵگرانە نوێنەرایەتی هەڕەشەیەکی نزیک دەکەن بۆ سەر ئەمەریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان و کەشتییە بازرگانییەکان لە ناوچەکەدا.
ڕاشیگەیاند، ئەم ڕێوشوێنانە بۆ پاراستنی ئازادی کەشتیوانی و پارێزراو و سەلامەتترکردنی ئاوە نێودەوڵەتییەکانە.
لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوودا، حوسییەکانی یەمەن دەستیان کرد بە هێرشکردنە سەر ئەو کەشتیانەی پەیوەستن بە ئیسرائیلەوە یان بەرەو بەندەرەکانی ئەو وڵاتە دەڕۆن، ئەوەش وەک کاردانەوەیەک بۆ شەڕی ئیسرائیل دژی کەرتی غەززە، کە بووەتە هۆی پەرەسەندنی گرژییەکان لە یەمەن، دەریای سوور و عەرەبی و کەنداوی عەدەن.
لە بەرامبەر ئەمەشدا، لە 12ـی کانوونی دووەم، ئەمەریکا و بەریتانیا لە پاشخانی هێرشەکانی بزووتنەوەکە لە دەریای سوور و عەرەبی، دەستیان کرد بە هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر شوێنی حووسییەکان لە چەند شارێکی یەمەن، ئەوەش پێش ئەوەی بزووتنەوەکە بازنەی ئامانجگرتن فراوان بکات بۆ کەشتییە ئەمەریکی و بەریتانیاییەکان.
لە 10ی ئۆکتۆبەردا حوسییەکان ڕایگەیاند، ئەگەر ئەمەریکا ڕاستەوخۆ دەستوەردانی سەربازی لە ململانێی فەڵەستین و ئیسرائیل لە غەززە بکات، لە ڕووبەڕووبوونەوەی سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە بە هێرشی مووشەکی و ئاسمانی، پشتیوانی لایەنە فەڵەستینییەکان دەکەن.