هاکان فیدان: دەبێت سووریا لە پەکەکە پاک بکرێتەوە

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێ: چەند هەنگاوێکی هەن دەبێت بە هەماهەنگیی لەگەڵ حکوومەتی سووریا بیهاوێژین لەوانە پرسی ئاسایشی سنوور، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و گەڕاندنەوەی پەنابەران.
هاکان فیدان، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی سکای نیوزی عەرەبی لە بارەی هەوڵەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و دیمەشق ئاماژەی داوە "تورکیا هاوشێوەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ سووریاش ئاسایی بکاتەوە".
گوتیشی: سەرۆکی تورکیا لە بەرزترین ئاستی سیاسیدا ئامادەیی دەربڕیوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هەموو پرسەکان بۆ چارەکردنی کێشە و ناکۆکییەکانی لە نێوان هەردوو وڵاتدا هەن، ئەمەش داواکارییەکی گرنگ و بە نرخە، هەربۆیە پێویستە کۆبوونەوە و گفتوگۆ بۆ چارەکردنی کێشەکان بکرێت.
فیدان لە وەڵامی پرسیارەکاندا ئاشكرای کردووە، لە ساڵی 2017 ـەوە لە ڕێگەی چەند کەناڵێکەوە ئەنقەرە و دیمەشق گفتوگۆی ناڕاستەوخۆیان هەبووە، ئەمەش یارمەتیدەر بووە بۆ ڕاگرتنی شەڕی ئۆپۆزسیۆن و ڕژێمی سووریا.
هەروا گوتوویەتی "ماوەی 6 بۆ 7 ساڵە ئارامی و سەقامگیریی دەرفەتی بە ڕژێمی سووریا داوە بۆ زاڵبوون بە سەر هەندێک لە ئاڵنگارییە سیاسییەکان و چارەکردنی کێشەکانی ژێرخانی و ئابووریی وڵاتە، هەربۆیە ئێستا دەبێت ئەم دۆخە کاتییە بۆ دۆخێکی هەمیشەیی بگۆڕین".
هاکان فیدان، لە بارەی ئیدارەکانی خۆسەر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا گوتوویەتی: دەبێت سووریا لە تیرۆریستان پاک بکرێتەوە، بەتایبەت ئەو ناوچە عەرەبیانییەی پەکەکە داگیری کردوون.
دەشڵێت: پەکەکە دەستی بەسەر دامەزراوە نەوتییەکان داگرتووە، ئەمەش واتە داگیرکردنی سەرچاوەی بژێوی و داهاتی خەڵکی سووریایی لەلایەن ڕێکخراوێکی تیرۆریستییەوە.
هەروەها ڕایگەیاندووە: پێویستە شەڕی ئەو گرووپە بکرێت بۆ ئازادکردنی ناوچە نەوتییەکان و سەرچاوەی وزەی و گەڕاندنەوی بۆ خەڵکی سووریا، چونکە بە دڵنیاییەوە پەکەکە فرۆشتنەوەی بەرهەمی ئەو کێڵگە نەوتیانە و داهاتەکەی شەڕی دژی خەڵکی سووریا و حکوومەتی تورکیا کردووە.
لە بارەی دۆسیەی پەنابەرانیشەوە، وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی داوە، زیاتر لە نیوەی خەڵکی سووریا لە دەرەوەی وڵاتەکەیان دەژین، دەبێت زەمینەی گەڕانەوەیان بۆ خۆش بکرێت و بە سەلامەتی بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان.