شوان محەممەد: پێکهاتەی عەرەبی لە کەرکووک بەسەر دوو بەرەدا دابەش بووە

K24 – هەولێر:
ئەندامێکی مەكتەبی سیاسیی حزبی زەحمەتكێشان، دەڵێت: لە چەند ساڵی ڕابردوودا پێکهاتەی عەرەبی لە کەرکووک زۆر نابەرپرسانە مامەڵەی لەگەڵ کوردا کردووە و، دەسەڵاتی لە خزمەتی تەعریبکردنی شارەکە بەکارهێناوە.
شوان محەممەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حزبی زەحمەتكێشان، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24ـدا، گوتی: کۆبوونەوەی ئەمجارەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ پێکهاتەی عەرەبی کەرکووک، بەهۆی ئەوەبوو کە پێکهاتەکە بە جۆرێک لە جۆرەکان بوونەتە دوو بەشەوە، هەروەها پێکهاتەکە سوورە لەسەر داخوازییەک کە زۆر ڕەوا نییە و پەکی پرۆسەی سیاسی خستووە لە کەرکووک.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی حزبی زەحمەتکێشان، ئاماژەی بەوە دا: پێکهاتەی عەرەبی لە کەرکووک دەبێت سازش لە بەشێک لە داخوازییەکانی بکات بۆ ئەوەی لانی کەم بتوانێت لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکە بگاتە ڕێککەوتن.
ناوبراو ڕایگەیاند: چەندین پێشنیاز هەیە بۆ ڕێککەوتنی نێوان پێکهاتەکانی کەرکووک لەسەر پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی شارەکە، بەڵام تا ئێستە هیچ ڕێککەوتنێک نەکراوە.
شوان محەممەد، هەروەها ڕاشیگەیاند: لە چەند ساڵی ڕابردوودا پێکهاتەی عەرەبی لە کەرکووک زۆر نابەرپرسانە مامەڵەی لەگەڵ کوردا کردووە، دەسەڵاتی لە خزمەتی تەعریبکردنی شارەکە بەکارهێناوە.
وێڕای كۆبوونهوهی ئهنجوومهنی پارێزگای كهركووك لهسهر داواكاری محهممهد شیاع سوودانی، سهرۆكوهزیرانی عێراق، بهڵام تا ئێستە لایهنهكان لهبارهی پۆستی پارێزگار و دابهشكردنی پۆستهكانی دیكهی ئهنجوومهن نهگهیشتوونهته ڕێككهوتن.
هاوكات کۆبوونەوە و گفتوگۆی لایەن و پێکهاتەکانی کەرکووک بە ئاراستەی ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی شارەکە زیاتر چڕبوونەتەوە.
زیاتر لە حەوت مانگە هەڵبژاردن بۆ گۆڕینی ئیدارەی دوای شانزەی ئۆکتۆبەر لە کەرکووک کراوە، بەڵام بەهۆی ناکۆکی لایەنەکان و کۆت و بەندی یاسای هەڵبژاردنەکان و شێوازی دابەشبوونی کورسییەکانی ئەنجوومەن تا ئێستە دۆخهكه ههروهك خۆیهتی.