مادۆرۆ بۆ سێیەم جار بەسەرۆکی ڤەنزوێلا هەڵبژێردرایەوە، ئۆپۆزسیۆنیش ئەنجامەکە ڕەت دەکاتەوە

نیکۆلاس مادۆرۆ، لە ماوەی شەش ساڵدا سێیەم خولی سەرۆکایەتی لە ڤەنزوێلا بەدەستهێنایەوە. دوێنێ یەکشەممە، بە بەدەستهێنانی 51.2%ی دەنگی دەنگدەرانی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا بەدەست هێنا. ئۆپۆزسیۆنی ڤەنزوێلاش ڕایگەیاند "دوێنێ ئێوارە، کاندیدەکەی خۆیان ئێدمۆندۆ گۆنزالێز ئوروتیا بە بەدەستهێنانی لەسەدا 70ـی دەنگی دەنگدەران سەرکەوتنی بەدەست هێنابوو".
سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ڤەنزوێلا ، ماریا کۆرینا ماچادۆ، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، "ئێمە بردمانەوە، لەسەدا 70ـی دەنگەکانمان بەدەست هێنا"، ئاماژەی بەوەش کرد "ڤەنزوێلا سەرۆکێکی نوێی هەڵبژێردراوی هەیە، ئێدمۆندۆ گۆنزالێز ئۆروتیا."
دوێنێ بنکەکانی دەنگدان لە ڤەنزوێلا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کرانەوە، کە تیایدا مادۆرۆی تەمەن 61 ساڵ، ڕووبەڕووی دیپلۆماتکاری پێشوو و کاندیدی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکەی گۆنزالێز ئوروتیای تەمەن 74 ساڵ بووەوە.
ئێوارەی یەکشەممە، مادۆرۆ لەبەردەم کۆشکی سەرۆکایەتی لە کاراکاس گوتی: ئارامی و سەقامگیری و دادپەروەری دەبێت، ئارامی و ڕێزگرتن لە یاسا "من پیاوی ئاشتی و دیالۆگم".
لەسەر هەمان بابەت وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ئەنتۆنی بلینکن، لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئێمە نیگەرانی جددیمان هەیە کە ئەنجامە ڕاگەیەندراوەکە، ڕەنگدانەوەی ئیرادە یان دەنگی گەلی ڤەنزوێلا نییە.
هەروەها خافێر گۆنزالێز ئۆلاچیا، وەزیری دەرەوەی پیرۆ دوای ڕاگەیاندنی سەرکەوتنی مادۆرۆ، باڵیۆزی وڵاتەکەی لە کاراکاس بانگکردەوە.
ئەو وڵاتەی کە بۆ ماوەیەکی زۆر یەکێک بوو لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی ئەمەریکای لاتین بە نەوت، ڕووبەڕووی قەیرانێکی ئابووریی بێوێنە بووەتەوە، ئەمەش لە ئەنجامی خراپ بەڕێوەبردن و گەندەڵی بووە. هەروەها هەناردەی نەوتی ڕۆژانەی زیاتر لە سێ ملیۆن بەرمیل بوو دواتر دابەزی بۆ کەمتر لە یەک ملیۆنی ڕۆژانە، هاوکات بەرهەمی گشتیی ناوخۆ لە ماوەی 10 ساڵدا بە ڕێژەی 80% دابەزیوە، جگە لەوانەش وڵاتەکە هەڵاوسانێکی بەربڵاوی تۆمارکردووە.
حەوت ملیۆن هاووڵاتی ڤەنزوێلا وڵاتەکەیان بەجێهێشتووە. زۆرینەی هاووڵاتیانی ڤەنزەوێللا بەدەست هەژارییەوە گیرۆدەن، لەگەڵ داڕمانی تەواوەتی سیستەمی تەندروستی و پەروەردە، دەسەڵاتداران سەلماندیان کە ئەم قەیرانە دەرئەنجامی ئەو گەمارۆ تاوانکارییەیە کە بەسەر وڵاتدا سەپێنراوە، هەروەها ئەمەریکا سزاکانی لەسەر ڤەنزوێلا توندتر کردەوە بە ئامانجی دوورخستنەوەی مادۆرۆ.