لە 10 ڕۆژدا دوو هاووڵاتی له سلێمانی کوژران

K24 – سلێمانی:
لەماوەى 10 ڕۆژدا ئەندامانى هێزێکى چەکدارى ئەمنى لە سلێمانى دوو هاووڵاتى دەکوژن، ڕووداوەکان کاردانەوەى بەدواوە هات، چونکە ترس و دڵەڕاوکێى لاى دانیشتووانى شارەکە دروست کردووە.
بەهۆى باڵا دەستی چەند ھێزێكی ئەمنی جیاواز لە سلێمانى تادێت دۆخى شارەکە نائارامتر دەبێت و دەوروونى هاووڵاتییانیش زیاتر دەشڵەژێت، چاودێران دەڵێن: ڕهوشی ناسهقامگیری سلێمانی كه به هۆی كوشتنی ھاووڵاتییان و ھەڕەشەكردن و دروستكردنی سیناریۆی جیاواز بۆ تێكدانی ئارامی شارەکەیە و ئێستە هەر ڕۆژە و ئەمنییەتى سلێمانى لەدەست هێزێکى جیاوازە بۆیە مەترسى بۆسەر ڕۆڵەکانى شار دروست کردووە بەتایبەت گەنجان.
سلێمانى چەندین جارە شاهێدی ڕووداوی دڵتەزێن دەبێت، کە دووبارە و چەندبارە دەبنەوە، ئهو هێزانهی ئێستا ترسیان له دڵی دانیشتووانی سلێمانی دروست كردووه، چاودێران و چالاکانى سلێمانى دەڵێن: دهبێت به فهرمی كارهكان ڕادهستی پۆلیس بكهن، ناكرێت هیچ هێزێکى دیكه له شوێنی پۆلیس مامهڵه لهگهڵ ھاووڵاتییانی مهدهنییدا بكات، بەکارهێنانی هێزی ئەمنی لە دەرەوەی ئەرکی دەزگا فەرمییەکانی حكوومەت، بۆ هەر مەبەستێکی دیکە بێ، ناوی ئەو دەزگایانە دەخاتە ژێر پرسیار.
لە چەند شەوى ڕابردوو چهكدارێكی هێزێکى ئەمنى له سلێمانی ههڵیكوتایه نێو بازاڕێکی ئهو شاره و دهستڕێژی گولـلهی له چهند كاسبكارێك كرد و لە ئەنجامدا چایچییهكی بازاڕەكە بهناوی ئاریی چایچی كوشت و كهسێكی دیكهی بریندار كرد، لە 10 ڕۆژدا ئەمە دووەمین جاره ئەندامانى ئەو هێزە ئەمنییە گەنج و كاسبكارانی شارەكە دەكوژن.