ناسرییە بەردەوامە لە خۆپیشاندان دژی نەبوونی خزمەتگوزاریی

خۆپیشاندانەكانی ناسرییە
خۆپیشاندانەكانی ناسرییە

خەڵکی ناسرییە بەردەوامن لە خۆپیشاندان بۆ داواکردنی پرۆژەی خزمەتگوزاریی و باشترکردنی دۆخی کارەبا. لەلایەکی دیکەوە، بەهۆی ناکۆکیی نێوان ئەنجوومەنی پارێزگای زیقار و پارێزگارەوە نزیکەی 170 پرۆژە ڕاگیراون. هاووڵاتیانیش دەڵێن: ڕاگیرانی پرۆژەکان لە ناسرییە بەهۆی پشکپشکێنە و بەشی حزبەکانەوەیە، نەک بەرژوەندی خەڵک.

سەرباری خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانە و ئەو پارەیەی بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری لە زیقار تەرخان کراون، بەڵام دۆخی خزمەتگوزاریی لە پارێزگاکە هەر وەک خۆیەتی و پڕە لە کەم و کورتی. چەند ساڵێکە زیقار وەک یەکێک لە پارێزگا دواکەتووەکان ھەژمار دەكرێت.

ھاووڵاتییان پێداویستیەکانی ڕۆژانەیان دەست ناکەوێت. گوندەکان بەدەست بێ ئاوی و وشکەساڵییەوە ڕووبەری كێشەیەكی گەورە بوونەتەوە. شارەکانش بەهۆی ڕاگیرانی پرۆژەکانەوە داد و بێدادیانە.

هەرچی پەیوەستە بە هاووڵاتیان، شەو و ڕۆژ بەردەوامن لە خۆپیشاندانەکان و داواکاردنی مافەکانیان.

هاووڵاتیان دەڵێن: پرۆژە بڕیاری لەسەر دەدرێت کە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام کاتێک دێتەسەر ئەوەی لە ناسرییە جێ بەجێ بکرێت کێشە دەکەوێتە نێوان پارێزگار و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاوە. ئێمە باش دەزانین پرۆژەکان بەهۆی پشکپشکێنە و بەشی حزبەکانەوە، دەوەستن.

هاووڵاتییەک دەڵێت: نزیکەی دوو مانگ و نیوە بڕیار لەسەر جێ بەجێکردنی چەند پرۆژەیەکە لە زیقار دراوە، بەڵام هیچ ڕووناکییەک بەدی ناکەین بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکان. زۆرینەی شارەدێ و شارۆچکەکانی سنووری زیقار داماون.

لای خۆیانەوە، حکوومەتی خۆجێی زیقاریش داوای خزمەتگوزاریی دەکات، چونکە نزیکەی 170 پرۆژە بەهۆی قەیرانی سیاسیی و ناکۆکیی نێوان دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاسادانانەوە ڕاگیراون؛ دوای ئەوەی بەزۆرینەی دەنگ ئەنجوومەنی پارێزگا ماوەی دوو مانگ و نیوە بڕیاری داوە جیبەجێکردنی پرۆژەکان و گرێبەستی ڕاستەوخۆ لەلایەن حکوومەتە خۆجێیەکانەوە ڕابگرێت،  لەکاتی زۆر پێویستدا نەبێت، ئەویش ڕەزامەندی ئەنجوومەنی پێویستە.

ئەحمەد خەفاجی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای زی قار ڕایگەیاند "ئێمە دەزانین وەستانێکی کاتیی بەهۆی ڕێکارەکانەوە لە پرۆژەکان هەیە، بەڵام داوا دەکەین بەزوورتین کات کاروانی ئاوەدانی لە زیقار دەست پێ بکاتەوە".

پرۆژەکان و پلانی پەرەپێدانی هەرێمەکان چاوەڕوانی دەست پێ کردنەوەن، دانیشتووانی زیقاریش بە هیواوە چاوەڕوانی ڕۆژێک دەکەن کێشە بەردەوامەکانیان کۆتایی بێت.

Fly Erbil Advertisment