به‌رنامه‌ی باسی ڕۆژ په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست تاوتوێ ده‌كات

تا دێ ئاڵۆزییه‌كان له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست زیاتر په‌ره‌ده‌سێنن و ئاستی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه و گرژییه‌كان له نێوان لایه‌ن و هێزه پێكناكۆكه‌كان به‌رز ده‌بێته‌وه، عێراق له‌سه‌ر ئاستی نافه‌رمیدا واته له‌سه‌ر ئاستی گرووپه چه‌كداران، یه‌كێكه له كاندیداكان بۆ چوونه ناو ئاڵۆزییه‌كان. به‌رنامه‌ی باسی ڕۆژ كه له لایه‌ن ژینۆ محه‌ممه‌د له كوردستان24ـوه پێشكه‌ش ده‌كرێت، به میوانداری هه‌ر یه‌ك له ڕه‌عد هاشم، شرۆڤه‌كاری سیاسی و ئه‌منی و مه‌حموود حه‌ییانی، سه‌ركرده له هاوپه‌یمانی فه‌تح و شرۆڤه‌كاری سیاسی تاوتوێی ئه‌م پرس و پێشهاتانه ده‌كات.
له سه‌ره‌تادا ڕه‌عد هاشم، شرۆڤه‌كاری سیاسی و ئه‌منی ئاماژه‌ی به‌وه كرد، سه‌رباری ئاڵۆزییه ئه‌منییه‌كانی ناوچه‌كه، هاوكان شه‌ڕێكی گه‌وره‌ی مێدیایی له ئارادایه كه "به‌ره‌ی موقاوه‌مه" كاری له‌سه‌ر ده‌كات. هه‌روه‌ها پێی وایه، پێشبینیكردن بۆ كاتی هێرشی ئێران بۆ سه‌ر ئیسرائیل، ئاسان نییه و سه‌خته.
ڕه‌عد هاشم ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان بۆ هێرش و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سه‌ربازی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له ئارادایه و ئه‌گه‌ر ڕوو بدات، شه‌ڕێكی گشتگیر ده‌بێت و ڕه‌نگه ئاشتیش له‌م نێوه‌نده‌دا ئه‌گه‌رێكی دوور بێت.
ناوبراو باسی له‌وه‌ش كرد، ئێران له به‌رانبه‌ر جه‌ماوه‌ری خۆیدا پێی وایه سه‌روه‌ریی و ڕێزه‌كه‌ی پێشێل كراوه و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش پێویست ده‌كات سه‌روه‌ری و ڕێزه‌كه‌ی بگه‌ڕێنێته‌وه.
تیشكی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ش، كه عێراق هه‌وڵ ده‌دات ڕۆڵێكی ئه‌رێنی ببینێت و له‌مه‌شدا تا ڕاده‌یه‌ك سه‌ركه‌وتوو بووه، له هه‌ندێك دۆخیشدا سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه. به گشتی هه‌وڵه‌كانی عێراق ئه‌نجامێكی ئه‌وتۆی لێ ناكه‌وێته‌وه، چونكه دۆخه ئه‌وه‌نده قووڵ بووه‌ته‌وه، به عێراق كۆنترۆڵ ناكرێت.
له لای خۆیه‌وه مه‌حموود حه‌ییانی، سه‌ركرده له هاوپه‌یمانی فه‌تح و شرۆڤه‌كاری سیاسی هێمای بۆ ئه‌وه كرد، ململانێی نێوان ئێران و "به‌ره‌ی موقاوه‌مه" ململانێ و بهربهرهكانێیهكی مێژوویی و هه‌تاهه‌تاییه و له هه‌موو كات و ساتێك‌دا ئه‌گه‌ری په‌ره‌سندنی ئه‌و ململانێیانه له ئارادایه.
حه‌ییانی باسی له‌وه‌ش كرد، ئه‌گه‌ر كوژرانی ئیسماعیل هه‌نییه، سه‌رۆكی مه‌كته‌بی سیاسی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس له ناوخۆی ئێران بێت و له ڕێگه‌ی مووشه‌كی دوورمه‌وداوه نه‌بووبێت، ئێران له‌و دۆخه‌دا هێرش بۆ سه‌ر ئیسرائیل ناكات، به‌ڵكوو له ڕێگه‌ی ئۆپه‌راسیۆنێكی ناوخۆییه‌وه وه‌ڵامی ئه‌و كوشتنه ده‌داته‌وه.
ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی هاوپه‌یمانی فه‌تح گوتیشی، عێراق هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی شه‌ڕی غه‌ززه له‌وه زیاتر په‌ره‌نه‌سه‌نێت، چونكه ئه‌م شه‌ڕه بۆ هه‌موو ناوچه‌كه و جیهانیش درێژ ده‌بێته‌وه.