لوفتهانزا جارێکی دیکە ڕاگرتنی گەشتەکانی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست درێژ کردەوە

کۆمپانیای فڕۆكەوانیی ئەڵمانیا (لوفتهانزا) بەهۆی هەڕەشەکانی هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل و توندتربوونی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، بۆ سێیەم جار ڕاگرتنی گەشتەکانی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست درێژ دەکاتەوە.

گرووپی لوفتهانزا لەم بارەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی داوە بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕاگرتنی گەشتەکانی بۆ ئیسرائیل، ئێران، لوبنان، ئوردن و عێراق تاوەکوو 21ی ئەم مانگە درێژ کردووەتەوە.

هەروەها ڕایگەیاندووە "لەم ماوەیەدا لەبەر سەلامەتیی گەشتیاران و تیمە فڕۆکەوانییەکانی، ڕێڕەوی گەشتی فڕۆکەکانی دەگۆڕێت و هیچ گەشتێکی ئاسمانی لوفتهانزا بەسەر ئاسمانی ئێران و عێراق تێپەڕ نابێت". ئەم بڕیارەی کۆمپانیای لوفتهانزا لە کاتێکدایە کە ترس لە پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکانی ناوچەیە هەیە بەهۆی هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی ئێران لە ئیسرائیل.

تەنیا لەم مانگەدا ئەمە سێیەم بڕیاری کۆمپانیا فڕۆکەوانییە ئەڵمانییەکەیە بۆ ڕاگرتنی گەشتەکانی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. سەرەتا لە 5ـی ئابی 2024، ڕایگەیاند بوو، بەهۆی پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هێڵە ئاسمانییەکانیان تا 7ـی ئاب، گەشت بەسەر ئاسمانی ئێران و عێراقدا ناکەن، دواتر لە حەوتی ئەم مانگە بڕیارەکەی بۆ ئەمڕۆ 12ی ئاب درێژکردەوە و ئەمڕۆش بۆ سێیەمجار بڕیارەکەی تاوەکوو 21ی ئەم مانگە درێژکردەوە.

سوپای پاسدارانی ئێران، بەڵێنی تۆڵەسەندنەوەی خوێنی ئیسماعیل هەنییە سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماسی داوە، کە ڕۆژی 31 مانگی ڕابردوو دوای بەشداربوونی لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردن و دەستبەکاربوونی مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری نوێی ئێران، هەنییە و پاسەوانە تایبەتەکەی ناوجەرگەی تاران لە هێرشێکدا کوژران و دواتر ئیسرائیل بەرپرسیارێتی هێرشەکەی گرتە ئەستۆ.
 

Fly Erbil Advertisment